پەروەردەی گشتی سلێمانی: پرۆسەی خوێندن لە مەترسیدایە

:: PM:07:13:25/10/2016 ‌



بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا، ئەمڕۆ سێشەمم، بڵاوی کردەوە، و وێنەیەکی بۆ "وشە" نێردراوە هاتووە، پێوستە سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حكومی و ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی كومەڵی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و گرووپی ناڕازی مامۆستایان، لە پەرۆشی كردنەوەی دەرگای خوێندن بن تا دواكەوتن و نەزانین تەنگمان پێ هەڵنەچنێت و هەمووشمان لەسەر ئەوە کۆکین کە خەبات و ماندووبوونی مامۆستایان هیچی لەو نەبەردی و قارەمانیەتییەی هێزی پێشمەرگە کەمتر نییە کە ئێستا لە بەرامبەر تیرۆریستان و بۆ بەرگری نیشتمان دەینوێنن
.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی پەروەردە هەمیشە خۆی بە خەمخۆری داوا ڕەواكانی مامۆستایان و، بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە دەزانێت، بۆیە داوا دەكەین لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاكان دەرگاكانیان واڵا بكەن تا ئەو كاتەی كە ماوە بۆ تەواوكردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن بە یاسایی تەواو بكرێت، چونکە دریژەدان بە بایكۆت پڕۆسەی خوێندن زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.



دەقی راگەیەنراوەکە:-

ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی

ڕۆژی دووشەمە ڕێكەوتی (۲٠۱٦/۱٠/۲٤)ی زایینی لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە سەرۆكایەتی وەزیری پەروەردە و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی ئامادەیی لە دیوانی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكانی پارێزگای سلێمانی ئەنجام درا کە ئەم ڕاگەیاندراوەی لێ کەوتەوە:

نزیكەی مانگێكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەرگای قوتابخانە و خوێندگاكان داخراوە، سەرەڕای ئەوەی کە باری ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و وەزارەتی پەروەردە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بەردەوام لە هەوڵدا بووە، بەوەی کە ئەنجامەكان لە ئاست خواستی چینی مامۆستایان نەبووە، بەڵام ئەم هەوڵانە بەردەوام دەبن بۆ چارەسەركردنی بژێوی مامۆستایان و كێشە و گرفتەكانی پەروەردە.

سەرجەم بیرمەند و نووسەرە جیهانییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە کە "بۆ هەر چاكسازی و گۆڕانكارییەك پێوستە لە پەروەردەوە دەست پێ بكەین" واتە پەروەردە شادەماری گەشەپێدان و پێشكەوتنی وڵاتە لە هەموو بوارەكاندا و ناكرێت هەر هەموومان خۆمان لەو بەرپرسیارەتییە میژووییە بدزینەوە، واتە تاك بە تاكی ئەم هەرێمە بەرپرسن لە شكستهێنانی پڕۆسەی خوێندن لەم سنوورەدا و حكوومەتی هەرێمیش پشكی شێری بەردەكەوێت.

بۆیە پێوستە سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حكومی و ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی كومەڵی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و گرووپی ناڕازی مامۆستایان، لە پەرۆشی كردنەوەی دەرگای خوێندن بن تا دواكەوتن و نەزانین تەنگمان پێ هەڵنەچنێت و هەمووشمان لەسەر ئەوە کۆکین کە خەبات و ماندووبوونی مامۆستایان هیچی لەو نەبەردی و قارەمانیەتییەی هێزی پێشمەرگە کەمتر نییە کە ئێستا لە بەرامبەر تیرۆریستان و بۆ بەرگری نیشتمان دەینوێنن.

وەزارەتی پەروەردە هەمیشە خۆی بە خەمخۆری داوا ڕەواكانی مامۆستایان و، بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە دەزانێت، بۆیە داوا دەكەین لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاكان دەرگاكانیان واڵا بكەن تا ئەو كاتەی كە ماوە بۆ تەواوكردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن بە یاسایی تەواو بكرێت، چونکە دریژەدان بە بایكۆت پڕۆسەی خوێندن زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.

جاریكی تر لە چوارچێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە جەخت لە بەردەوامبوونی خوێندن دەکەینەوە:

یەكەم: لەگەڵ سەرجەم داوا ڕەواكانی مامۆستایانین، بە تایبەت گرفتی مووچە.

دووەم: لەگەڵ هاوكاری و هەماهەنگی سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاكانین.

سێیەم: داواكارین لە سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان، هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵ دایك و باوك و كەسوكاری قوتابیان و خوێندكاران بۆ چارەسەری كێشەو گرفتی قوتابخانە و خوێندنگاكان.

لە كۆتاییدا داوا لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان دەکەین کە كۆتایی بە بایكۆتی خوێندن بهێنن و دەرگای قوتابخانە و خوێندگاكان بكەنەوە.



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د