ماوەی یەك مانگە،
بەشی هەرەزۆری فەرمانگەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كردووە و نەچونەتەوە
سەر كارەكانیان، لە
ئێستەشدا بەرپرسانی فەرمانگەكان پەیوەندی بە فەرمانبەرەكانەوە كردووە
بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو دەست بە دەوام بكەن.
بەكر حاجی، بەڕێوەبەری
باج و دەرامەتی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئەم هەفتەیەش بەردەوام بوون
لە بایكۆت فەرمانبەرەكان، بەڵام چیتر لە هەفتەی داهاتوو دەست بە دەوام دەكەنەوە و هەفتەی
دوو ڕۆژ دەوام دەكەن.
زیاتر گوتی، ئیشوكاری
هاوڵاتیان ڕاگیراوە و هاوڵاتیش لە دۆخی خراپدایە، كەسی وا هاتووە تەمەنی 75 ساڵ بووە
لە بەردەم فەرمانگەكە كە زانیویەتی ئیشەكەی بۆ نەكراوە، دەستی بە گریان كردووە، كەس
هەبووە منداڵی نەخۆشی شێرپەنجی بووە ئیشەكەی بۆ نەكراوە، بۆیە بڕیارمانداوە دەوام بكەین
ئەگەر هەفتەی یەك ڕۆژیش بێت.
فەرمانبەرێك لە بەڕێوەبەرایەتی
تاپۆی سلێمانی كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی مانگێكە
وەك فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیەكەمان دەوامیان نەكردوە و لە بەرامبەر دواكەوتن و
سیستمی نوێی مووچە، لە كاتێكدا فەرمانگەكان ڕۆژانە داهاتی هەیە.
گوتیشی: "ئەمڕۆ
لە لایەن بەرپرسانی فەرمانگەكەمانەوە پەیوەندیم پێوە كراوە و كە دەبێت هەفتەی داهاتوو
بچینەوە دەوام، چونكە بە بەرپرسانی فەرمانگەكەمان وتراوە ئەگەر ئەوان دەوام نەكەن ئەوا
كەسی تر دەخرێتە شوێنەكانیان".
كارزان سدیق، فەرمانبەران
لە باج و دەرامەتی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە لایەن بەڕێوەبەرەكەمانەوە
پێمان گووتراوە كە هەفتەی ئایندە دەست بە دەوامی ئاسایی خۆمان بكەینەوە.
زیاتر گووتی، لە
هەولێرەوە داواكراوە كە ئەوانەی دەوام دەكەن ناوەكانیان بكەنە لیستێك و بۆیان بنێرێن،
نازانین هۆكاری ئەوە چی یە، ئایا، پاداشتە یان نا، چونكە پێشتر بڕیار هەبوو پاداشتمان
بكەن".
هەر بە گوێرەی زانیارییەكان
بە فەرمانبەرە گرێبەستەكان وتراوە، ئەگەر دەوام
لە هەفتەی داهاتوو نەكەن بە شێوەی ئاسایی، بۆ ساڵی 2017 گرێبەستەكانیان نوێ
ناكرێتەوە.
"وشە"
پەیوەندی بە بەڕێوەبەری تاپۆی سلێمانی کرد بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
وشە/ سلێمانی،
هۆشیار عەلی