باوكێك لە ئێران دوای ئەوەی ژنەكەی سێ منداڵی دەبێت و ناتوانێت خەرجییەكانی نەخۆشخانەكە بدات، منداڵەكانی دەخاتە مەزاد (زیادكردنی ئاشكرا)وە.
باوكی منداڵەكان سەرەتا بۆ هەریەك لە منداڵەكانی نرخی ٤٠ ملیۆن تمەنی دیاری كرد كە دەكاتە نزیەكی ١٢ هەزار دۆلار. دواتر بەوە رازی دەكرێت نرخەكە بۆ ٢٠ ملیۆن تمەن كە دەكاتە نزیكەی شەش هەزار دۆلار دابەزێنێت.
رۆژنامەی ئارمانی ئێرانی لە بابەتێكدا باسی لەوە كردووە كە كڕین و فرۆشتنی منداڵ و كۆرپە لە ئێران دیاردە و كێشەیەكی نوێ نییە و لە چەند ساڵی رابردوودا كە میدیا و راگەیەندنەكان گەشەیان سەندووە، ئەو خاڵە زیاتر زەق بووەتەوە.
هۆكارێك كە رۆژنامەكە باسی كردووە، ئەوەیە ئاستی هەژاریی لەو وڵاتە پەرەی سەندووە و خەڵك لەگەڵ كۆمەڵیك كێشەی كۆمەڵایەتی بەرەوڕوون.
كوروش محەمەدی سەرۆكی ئەنجوومەنی خەسارناسی كۆمەڵایەتی ئێران لەبارەی دیاردەی فرۆشتنی منداڵ گوتی، ئەمە یەكێكە لەو كارانەی كە پێگە و رێزی مرۆڤ و كۆمەڵگەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەو پسپۆڕە روونی دەكاتەوە، لە چەند دەیەی رابردوو برسیەتی، هەژاری، بێكاری، لەشفرۆشی و كێشەكانی هاوسەرگیری وایان كردووە كۆمەڵێك منداڵ بە بێ سەرپەرست بمێننەوە.
یەكێك لەو دیاردانەی پەرەی بە كڕین و فرۆشتنی منداڵ داوە، بریتی بووە لە پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەكان و خەڵكێك بۆ پەیداكردنی پارە بازرگانی بە منداڵەوە دەكات.
وشە/العربیە_و:سلێمان تاشان