سلێمانی بێ ئاو دەبێت

:: PM:09:54:25/10/2016 ‌

 
بەهۆی چاكسازی لە پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی، ژمارەیەكی زۆر لە گەڕەك و ناوچە بێ ئاو دەبن و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش ڕوونكردنەوە دەدات.

ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ سێ شەممە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ئێستەدا چەكسازی لە هەر پرۆژەی هێڵی یەكەم و دووەمی ئاوی سلێمانی- دوكان دەكرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی تەواوی سلێمانی توشی نەبوونیی ئاو دەبێتەوە.

گوتیشی: "بەهۆی ئەو چاكسازیە كە دەكرێت، لە ڕۆژانی 30 و 31ی ئەم مانگە تەواوی شاری سلێمانی و ناحییە و قەزا و ناوچەكانی شارەكە ئەوانەی كە لەسەر هێڵی یەكەم و دووەمی ئاوی سلێمانی- دوكانن بێ ئاوی خواردنەوە دەبن".

زیاتر دەڵێ: "ئەو بێ ئاویە شارۆکەی چەمەچەماڵ و شارەدێیەکنی پیرەمەگرون و بازیانیش دەگرێتەوە و پێویستە هاوڵاتیان لە چەند ڕۆژەدا دەست بە ئاو بگرن، تا بێ ئاو نەبن".

زیاتر لە 400 هەزار هاوبەشی ئاو لە شاری سلێمانی هەیە و ئاوی خواردنەوەی شارەكە و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری لەسەر هێڵی یەكەم و دووەمی ئاوی دوكان- سلێمانییە.

بەهۆی كۆنی هێڵی دووەمی یەكەمی ئاوی سلێمانی، ساڵانە شارەكە لە وەرزی هاویندا توشی كەمی بێ ئاوی دەبێتەوە، ئەوەش كێشە و نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروست كردووە، لەگەڵ گۆڕینی ڕەنگی ئاوی خواردنەوە.
 
وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د