رۆژا ده‌شتی قوتابیی خوێندنی باڵا له پسپۆڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به تازه‌ترین و پێشكه‌وتووترین رێگه سه‌رده‌مییه‌كان له بواری نه‌وت، ناسراو به (ته‌كنه‌لۆژیای شكاندنی هایدرۆلیكی به‌رد)، له زانكۆی "سالفۆرد" له شاری مانچسته‌ری به‌ریتانیا، توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی تازه‌گه‌ر، هه‌نگاوی گرنگ ده‌كاته ئامانج له ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت وه‌ك به‌شێك له ماسته‌رنامه‌كه‌ی به مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی داهاتووی زانستی و زیاتركردنی رێژه‌ی سامانی سروشتی كوردستان كه ئێسته سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی ئابووریییه.
توێژینه‌وه‌كانی رۆژا ده‌شتی كه قوتابیی خوێندنی باڵایه له به‌شی نه‌وت و گاز له زانكۆی سالفۆرد له ڕێی پرۆگرامی "چیڤنینگ"ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، له هه‌و‌ڵی به‌ره‌وپێشبردنی شێوازه‌كانی ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له خاكی كوردستان شانبه‌شانی وڵاتانی پێشكه‌وتووی دنیا، به ته‌كنه‌لۆژیای شكاندنی هایدرۆلیكی به‌رد ده‌گه‌ن به كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجامی گرنگ بۆ داهاتووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی كوردستان.
زانكۆی سالفۆرد پێشانگه له به‌شه‌كانی كاروباری بازرگانی و خاوه‌نی یه‌كێك له پێشكه‌وتووترین سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه له بواری نه‌وت و گاز، كه ته‌نیا بۆ به‌شه‌كانی ئه‌ندازیاری نه‌وت، خاوه‌نی چه‌ندان تاقیگه‌ی سه‌رده‌می و هۆڵی پراكتیزه‌كردن و چه‌ندان ئامێر و كه‌لوپه‌لی مۆدێرنه له بواری نه‌وتدا.
ئێسته هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌وپێشچوونی كاری پراكتیكی توێژینه‌وه‌كه له‌ژێر چاودێری چڕی پڕۆفیسۆر "كۆنه‌ر" له زانكۆكه به‌ڕێوه ده‌چێ كه خاوه‌نی زیاتر له 50 ساڵ خزمه‌ته له بواری نه‌وت و گاز، نووسه‌ری ده‌یان بڵاوكراوه و چه‌ندان كتێبی زانستییه له‌و بواره‌دا. رۆژا ده‌ڵێ "به‌هاوكاری كه‌سانی شاره‌زا له كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی به‌ریتانیا، ده‌ستكه‌وته‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌م تاوتوێ ده‌كرێت و سوودیان لێ وه‌رده‌گیرێت".
ئه‌و قوتابییه كورده به"وشه"ی راگه‌یاند، "توێژینه‌وه‌كه‌م له‌وه ده‌كۆڵێته‌وه چۆن بتوانین سوود له به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای شكاندنی هایدرۆلیكیی به‌رد وه‌ربگرین بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ناوچه‌كانی كوردستان".
ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه ئێسته له ئه‌مه‌ریكا باوه و نزیكه‌ی 90%ی چاڵه نه‌وتییه‌كان به ڕێگه‌یه‌ك لێ ده‌درێن و زۆرترین به‌رهه‌می نه‌وتی لێ به‌ده‌ست دێ.
رۆژا زیاتر گوتی، "له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و جۆره ته‌كنه‌لۆژیایه بۆ ئه‌و كێڵگه نه‌وتییانه به‌كار دێن كه به كێڵگه سه‌خت و نائاسایییه‌كان ناو ده‌برێن یا كێڵگه‌ی به‌ردینی شه‌یل، به‌و واتایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو له‌و كێڵگه نه‌وتییانه ئاسان نییه و پێویسته ته‌كنه‌لۆژیای نوێی تێدا به‌كار بێت".
به‌گوته‌ی ئه‌و قوتابییه كورده، پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به هه‌زاران مه‌تر له‌ژێر زه‌ویدا ده‌بێت له‌ناو چینه به‌ردینه‌كان. روونی ده‌كاته‌وه "ئه‌گه‌ر بتوانین بابه‌ته‌كه به سانایی شی بكه‌ینه‌وه، ئه‌وا ده‌كرێت چینه به‌ردینه‌كان وه‌ك ئیسفه‌نجێكی ته‌ڕ بهێنینه به‌رچاو كه به هه‌زاران كون و بۆشایی وردی پێكه‌وه لكێنراو له خۆ ده‌گرێت.
باشترین ئه‌و جۆره به‌ردانه‌ی كه پڕ به‌رهه‌می سامانی سروشتی نه‌وت له‌خۆ ده‌گرن، له‌و به‌ردانه پێك دێن كه بۆشایی زۆر یا گه‌وره‌یان تێدایه كه نه‌وتی خاوی تێدا كۆ ده‌بێته‌وه و كونه‌كان به كه‌ناڵی خۆڕسكه‌وه پێكه‌وه لكێنراون كه وا ده‌كات به ئاسانی نه‌وته‌كه ده‌ربێت وه‌ك به‌رده‌كانی ساندستۆن و لایمستۆن، به‌و جۆره به‌رده نه‌وتییانه ده‌ناسرێن كه گرفتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان كه‌مه و به پێڕه‌وكردنی یاسای فیزیكی له فشاری به‌رزی ژێر زه‌وی دێن به‌ره‌و فشاری ئه‌تمۆسفێری سه‌رزه‌وی به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسكانه".
رۆژا ده‌شتی خۆشحاڵه به‌وه‌ی كه كێڵگه نه‌وتییه‌كانی كوردستان، ئه‌وانه‌ی تا ئێسته كاریان له‌سه‌ر كراوه زۆربه‌ی "كێڵگه و چاڵی خۆڕسكن، له كاتێكدا زۆرینه‌ی ئه‌و كێڵگه نه‌وتییانه‌ی كه له ئه‌مه‌ریكا هه‌ن و نه‌وتی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، كێڵگه‌ی نه‌وتی سه‌خت و نائاسایییه‌كانن، واته ئه‌و كونه وردانه‌ی ناو به‌رده‌كان پێكه‌وه نه‌لكێنراون له رێی كه‌ناڵه به‌ردینه‌كان، بۆیه توێژه‌رانی بواری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ته‌كنه‌لۆژیای شكاندنی هایدرۆلیكی به‌ردیان به‌كار هێنا كه بریتییه له فشارێكی به‌رزی تێكه‌ڵه‌یه‌ك له ئاو و لم و پێكهاته‌ی كیمیایی بۆ ژێرزه‌وی كه وا ده‌كات كه‌لێنی ده‌ستكرد دروست ببێت و بۆشایییه نه‌وتییه‌كان پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه و جارێكی تر نه‌وتی خاوی ژێرزه‌وی بێته به‌رهه‌مهێنان".
ئه‌و قوتابییه كورده ورده‌كاریی زیاتر له‌باره‌ی ناسینی نه‌وتی كوردستان و خاكه‌كه‌ی ده‌خاته ڕوو و پێی وایه، بۆ كوردستان و چاره‌نووسی دوورمه‌ودای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو، زۆر گرینگه شانبه‌شانی ئه‌و وڵاته پێشكه‌وتووانه ئاگاداری پێشهاته زانستییه نوێیه‌كان بین و به‌ر له دروستبوونی هه‌ر به‌ربه‌ستێك له ده‌رهێنانی نه‌وتی خاو، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ چه‌ند هۆیه‌ك:
یه‌كه‌م: گرنگه سوود وه‌ربگرین له ته‌كنه‌لۆژیای نوێ و دوا نه‌كه‌وین له ڕه‌وتی پێشكه‌وتن. بۆیه ده‌بێت له ئێسته‌وه توێژینه‌وه و كار بكه‌ین له‌م بواره بۆ دابینكردنی داهاتوویه‌كی رۆشن بۆ ئابووربی كوردستان، وه‌ك ده‌بینین كه وڵاتێكی وه‌ك عه‌ره‌بستانی سعوودیه ده‌ستی كردووه به وه‌به‌رهێنانی رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له نه‌وتی خاو له رێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای نوێ، ئه‌مه له كاتێكدایه زۆرینه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی وه‌ك كێڵگه‌كانی كوردستان خۆڕسكن.
دووه‌م: توێژینه‌وه‌ی نوێ ده‌ریخستووه به به‌كارهێنانی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه له كێڵگه‌ی خۆڕسك، ده‌توانین ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر زیاد بكه‌ین. له هه‌مان كاتدا هاوكار ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه و ته‌نانه‌ت نه‌هێشتنی زۆربه‌ی كێشه كاتییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان وه‌ك هاتنه ناوه‌وه‌ی لم و خۆڵ بۆ ناو لووله‌ی ده‌رهێنان یان داڕمانی چینه به‌ردینه‌كانی چوارده‌وری لووله‌ی ده‌رهێنان.
كۆتا خاڵ و گرنگترینیان به گوته‌ی ئه‌و پسپۆڕه خۆماڵییه، دوای چه‌ندان ساڵی تر له كوردستان پێویسته نه‌وتی خاوی ناو به‌ردی شه‌یل به‌رهه‌م بێنین، چ به مه‌به‌ستی زیادكردنی به‌رهه‌می نه‌وت یاخۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی تر و شوێنگره‌وه بۆ ئه‌گه‌ری كه‌مبوونه‌وه و وشكبوونی چاڵه نه‌وتییه خۆڕسكه‌كان.
"بواری نه‌وت له كوردستان پێویستی به توێژینه‌وه و وه‌به‌رهێنانی زۆر زیاتره، چونكه وڵاته‌كه‌مان له‌م بواره‌دا تا ئێسته كاری گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنانی زۆر كه‌میی تیادا كراوه، به‌و هۆیه‌وه زانایانی زه‌ویناسی سروشتی كوردستان به (خه‌ون) ناو ده‌به‌ن، چونكه تا ئاستێكی ئه‌وتۆ ده‌ستكاری نه‌كراوه و رووكاره‌كانی له‌سه‌ر زه‌وی زۆر به‌ئاشكرا چینه‌كانی ژێرزه‌وی ده‌دركێنین و خوێندنه‌وه‌یان ئاسان ده‌كات"، رۆژا ده‌شتی وای گوت.
رۆژا ده‌ستكه‌وتی زانستی گرنگی به‌ده‌ست هێناوه و پێشنیازی تایبه‌تی لا دروست بووه بۆ پێشخستنی بواری نه‌وتی له كوردستان و له‌و رووه‌وه ده‌ڵێ، كوردستان خاوه‌نی خاكێكی به پیت و كۆگه‌یه‌كی پڕ نه‌وتی خاو و كانزا سروشتییه‌كانه. ده‌كرێ ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرینگی بووژانه‌وه‌ی ئابووری بۆ به‌ره‌وپێشبردنی وڵاته‌كه‌مان وه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتووی هاوشێوه‌ی نه‌رویج. ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین كه به‌شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو و سه‌رده‌مییانه نه‌وت و گاز به‌رهه‌م بهێنین.
"له هه‌مان كاتدا ڕه‌چاوی پاراستنی ژینگه پاك و نایابه‌كه‌ی كوردستان بكه‌ین و چاودێری باشتری سیسته‌می پاراستنی خاك و ئاو و هه‌واكه‌مان بین. بۆیه هیواخوازم ببمه به‌شێك له‌و تیمه‌ی كه كوردستان به‌و ئاواتانه‌ی بگه‌یه‌نێت له داهاتوویه‌كی نزیكدا".رۆژا وای گوت.
به‌ریتانیا - تۆڵه فه‌ره‌ج