پەرلەمان ئاگای لە داهاتی سلێمانی نییە

:: AM:09:00:26/10/2016 ‌


پەرلەمانتارانی كوردستان بەگشتی داتایەكیان لەبارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی نییە، ئەوان دووپاتی دەكەنەوە، تەنیا دەزانن داهاتی سلێمانی بۆ هەولێر ناگەڕێتەوە و لە گەنجینەكانی شارەكەدا دەمێنێتەوە و هەر لەوێش خەرج دەكرێت.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی هەردوو لیژنەی دارایی و ئابووری و لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، "دوو جۆر داهات لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە، داهاتی بەرهەكانی نەوتی و داهاتی باج و رسوومات و گومرگ كە ئەوەی یەكەمیان بۆ بانكی كوردستان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی دووەمیان هەر لە سلێمانی دەمێنێتەوە و بۆ هەولێر ناگەڕێتەوە، بەڵكو هەر لە سلێمانی كاری پێوە دەكرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، "داهاتی ناوخۆی سلێمانی كە بۆ هەولێر ناگەڕێتەوە، مانگانە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام لە سەرووی 45 ملیار دینار دەبێت".

حەمەساڵح زیاتر دەڵێ‌، "مانگانە تەنیا ژمارەی بڕی داهاتەكە بۆ هەولێر دەچێت، بەڵام پارەكە بە كاش هەر لە سلێمانی دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەش كە پارەكە بۆ هەولێر ناچێت، بەڵام تا ئێستە نازانرێت چۆن و بۆچی بەكاردێت، بەڵام بەپێی هەندێك قسە دەگوترێت بۆ خەرجی بەگەڕخستن(تەشغیلی) بەكاردێت، بەڵام چۆن بەكاردێت، ئەوە ئاشكرا نییە".

پێشتر د. فرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد "داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ هەولێر ناگەڕێتەوە، بەڵكو لە بانكەكانی سلێمانی دەمێنێتەوە و هەر لە سلێمانی بەكاردێت و مامەڵەی پێوە دەكرێت، بەو مانایەی پارەی داهاتی سلێمانی لە بانكەكانی ئەوێ‌ دەمێنێتەوە و هیچ بڕەپارەیەك بۆ وەزارەتی دارایی ناگەڕێتەوە، هەر لەبەرئەوەشە كە مووچەی هێزەكانی یەكەی 80 دوادەكەوێت و مووچەی هێزەكانی یەكەی 70 دەدرێت".

بەگوتەی سۆفی، ناڕوونی لە چۆنیەتیی خەرجكردن و بەكارهێنانی داهاتی سلێمانی هەیە. هەر ئەو ناڕوونییەش وای كردووە ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پرسیار لە داهاتی شارەكە بكەن.

د. عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری و ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، "داهاتی سلێمانی بۆ هەولێر ناگەڕێتەوە، ناكرێت ئەو پارەیە بخرێتە ئۆتۆمبێلەوە و لە سلێمانی بۆ هەولێر بگوازرێتەوە و دواتر جارێكی تر بۆ سلێمانی بێتەوە، لەبەرئەوە مانگانە ژمارەیەك دەدرێتە هەولێر و دەڵێن داهاتەكە ئەوەندەیە".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی لەبارەی ئەوەی داهاتی مانگانەی سلێمانی چەند دەبێت، هیچ زانیارییەكی نییە، بەڵام دەڵێ‌، "تەواوی داهاتی مانگەی پارێزگای سلێمانی كۆدەكرێتەوە و بە گەنجینەی یەك و دووی شارەكە دەدرێت، دواتر بەسەر بانكەكاندا دابەش دەكرێت و دەدرێتەوە بە مووچەی فەرمانبەران".

عیزەت سابیر بەتوندی رەخنە لە غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەگرێت، لەبارەی راگەیاندنی ژمارەكانی داهاتی سلێمانی و دەڵێ‌، "ژمارەكانی غالب محەمەد راستییان تێدا نییە و ئەو هیچ شارەزایییەكی لەبواری ئابووری نییە".

لەكاتێكدا عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، قسەكانی عیزەت سابیر لە فراكسیۆنی یەكێتی رەت دەكاتەوە بەوەی داهاتی سلێمانی بۆ مووچە خەرج بكرێت.ئەو دەڵێ‌، "راست نییە كە داهاتی سلێمانی بۆ مووچە بەكاربێت، چونكە مووچە راستەوخۆ لە وەزارەتەوە بۆ فەرمانبەران دێت".

پێشتر نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، ئاشكرای كرد كە داهاتی پارێزگای سلێمانی لە داهاتی پارێزگای هەولێر زیاترە، بەڵام داهاتی پارێزگای سلێمانی چەندان ساڵە وەك پارەی كاش بۆ گەنجینەی سەرەكی حكوومەت ناگەڕێتەوە و هەر لەو شارەدا كۆدەكرێتەوە و بەكار دەهێنرێت، ئێستە گومان و پرسیار لەسەر بڕی داهاتی شارەكە و چۆنیەتیی بەكارهێنانیەتی.
  
سلێمانی- هۆشیار عەلی



وشە - تایبه‌ت