باڵی دەستڕۆیشتوو تانكەرەكانی نەوت دەشارێتەوە
ناوەندی بڕیار: فرۆشیاری نەوتی كەركووك ئاشكرایە

:: AM:09:07:26/10/2016 ‌
باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی فرۆشتنی نەوتی بە تانكەر بۆ ئێران پێك دێنێت، بەڵام گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانیی دووپات لەوە دەكاتەوە، فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە رێگەی تانكەرەوە، لیژنەی ناوێت، چونكە ئاشكرایە كێ‌ نەوتەكە دەفرۆشێت و دووپات دەكاتەوە ئەو لیژنەیە بۆ شاردنەوەی ئەو كەسانەیە نەوت بە تانكەر دەفرۆشن.

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی، بەبێ‌ بەشداریكردنی ئەندامانی ناوەندی بڕیاری یەكێتیی نیشتمانی، كۆ بوونەوە و دواتر راگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە.

لەو راگەیەنراوەدا ئاماژە بە كاراكردنەوەی لیژنەیەكی تایبەت بە بەدواداچوونی دۆسیەی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر بۆ ئێران كراوە، ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە پاش راگەیاندنی ناوەندی بڕیار لە ئەیلوولی 2016دا، باڵی دەستڕۆیشتووی حزبەكەیان بە قۆرخكردنی دەسەڵات و داهاتی حزبەكە و تێوەگلان لە ئاودیوكردنی نەوت تۆمەتبار كرد و دواتر چەند بەڵگەنامەیەك بڵاو كرانەوە كە ئاماژە بە بردنی نەوتی كەركووك بە رێگەی تانكەرەوە بۆ ئێران دەدەن، لەكاتێكدا هیچ پارەیەكی نەوتەكە بۆ گەنجینەی حكوومەت و كارگێڕیی كەركووك ناگەڕێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەست "وشە"دان، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە دوا كۆبوونەوەدا، لیژنەیەكی بە ئەندامێتی ڕەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندامێكی دەستەی كارگێڕی لەگەڵ مەكتەب سیاسییەكی تر پێك هێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر فرۆشتنی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی تانكەرەوە.

ڕەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو ئەندامی ئەو لیژنەیەیە.

ئەو مەكتەب سیاسییەی یەكێتی پێشتریش ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە: "ئەو لیژنەیە بۆ ئەوە پێك نەهاتووە لێكۆڵینەوە لە نەوتی كەركووك بكەین، ئەو لیژنەیە تەنیا بۆ ئەوە پێك هاتووە دەڵێت هەندێك دەنگۆ هەیە لەسەر هەندێك هەڤاڵانی كەركووك، ئەم لیژنەیەمان داناوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بكات و بە ڕاپۆرتێكی ورد ئاگادارمان بكاتەوە، باسی كەسی تێدا نییە".

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە" كە لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتییەوە دەستی كەوتوون، ئەو لیژنەیە ساڵێك پێش ئێستە پێك هاتووە و لیژنەیەكی حیزبییە نەك حكوومی، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی لەبەرئەوە ویستوویانە دووبارە لیژنەكە كارا بكەنەوە.

وەك ناوەندی بڕیار ئاشكرای دەكەن، ئەوان پێشتریش ئاگاداری پێهێنانی ئەو لیژنەیە نەبوون، دووپاتی دەكەنەوە فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە تانكەر پێویستی بە لیژنە نییە و ئاشكرایە كێ‌ ئەو كارە دەكات.

شاڵاو عەلی عەسكەری، گوتەبێژی ناوەندی بڕیاری یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوان هیچ ئاگاداری پێكهێنان و كارەكانی ئەو لیژنەیە نین.

ئەو گوتی، "نەوتی كەركووك كە بە تانكەر دەفرۆشرێت، دیارە پارێزگاری كەركووك ئاگادارە لەگەڵ ژمارەیەك مەكتەب سیاسیی یەكێتی كە ئێستە دەیانەوێت خۆیان بەسەر یەكێتیدا بسەپێنن".

باسی لەوەش كرد، "ئەو لیژنەیە بۆ شاردنەوەی ئەنجامدەرانی ئەو كارەیە"، چونكە وەك ئەو دەڵێت، "وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە ئەو نەوتەی كەركووك كە بە تانكەر دەفرۆشرێت كێی لە پشتەوەیە".

عەسكەر زیاتر دەڵێ‌، "ئێمە متمانەمان بەو لیژنەیە نییە و دڵنیاشین كە وەك چۆن لە ماوەی ڕابردوودا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، لە داهاتووشدا هیچ ئەنجامێكی نابێت".

دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی كەركووك بە رێگەی تانكەرەوە بۆ ئێران، پاش ئەوە دێت كە حكوومەتی عێراقی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی ژێر دەستی كۆمپانیای نەوتی باكوری لە رێگەی هەرێمی كوردستان راگرت، بەڵام دواتر دەركەوت نەوتەكە بە رێگەی تانكەرەوە لە سلێمانییەوە بۆ ئێران دەگوازرێتەوە و بەشێكیشی بەناوی پاڵاوتگەیەك لە دووكان دەبرێت.

وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان




وشە - تایبه‌ت