ناوچەیەكی تر لە مووسڵ ئازاد كرا

:: AM:10:27:10/05/2017 ‌

شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق دوای ئەوەی دوێنێ ئازادكردنەوەی گەڕەكی 30 ی تەمووزی لە چوارچێوەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری ڕاستی شاری مووسڵ ڕاگەیاند، ئەمڕۆش ئازادكردنەوەی گەڕەكێكی تری ڕاگەیاند.

شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق لە زاری فەریق روكن عەبدولئەمیر یارەڵا فەرماندەی پرۆسەی (قادمون یا نینوی) بڵاوی كردەوە، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق توانیویانە ئەمڕۆ‌ ناوچەی (مەعامیل) لەبەری ڕاستی شاری مووسڵ ڕزگار بكەن.

یارەڵا ئاماژەی داوە كە زیانێكی زۆریشیان لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش داوە.

لە 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد، ئەویش پاش ئەوەی داعش لە حوزەیرانی 2014 تەواوی شارەكەی داگیر كرد، هاوكات لە 24ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ توانرا تەواوی بەری چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوبات/فێبرایەریش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامی هەیە و چەندان گەڕەك كۆنترۆڵ كراونەتەوە، ئێستە تەنیا 12 گەڕەك و ناوەندی مووسڵی كۆن بەدەستی داعشەوە ماون.



وشە - سیروان