ئاژانس و میدیاكانی جیهان دەیان وێنەی تایبەتی منداڵانیان لە ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ و لە نێو جەرگەی دووكەڵ و گڕی جەنگدا بڵاو كردەوە، ئەمەش كێشە و مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی و داهاتووی ئەو منداڵانە دروست دەكات.
لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوو رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ رێگری لە هێرشەكان و بە ئامانجی خۆ حەشاردان لە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دەیان بیرە نەوتی لە دەوروبەری مووسڵ گڕ تێبەردا و دووكەڵ و ئاگری بیرە نەوتەكان بە تەواوی خەڵكی ناوچەكەی هەراسان كردووە.
ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە لە شارهدێی گەیارە تۆماركراون، تێیدا منداڵانی ناوچەكە لە نێو دووكەڵی ڕەش و ئەو ژینگە نالەبارەی ئەوێ، خەریكی یاریی كردنن.
پسپۆرانی تەندروستی دەڵێ، منداڵان و كەسانی ناوچەكە تووشی كارەساتی گەورەی تەندروستی دەبنەوە بەهۆی دووكەڵی نەوتی خامەوە، تووشی زۆرێك لە جۆرەكانی شێرپەنجەیان دەكات لە داهاتوودا.
لە گەیارە هەر دووكەڵی بیرە نەوتە ئاگر تێبەردراوەكان مەترسی نین، مەترسی گەورەتر ئاگرتێبەردانی كاریگەری گۆگردی میشراقە كە دەكەوێتە نۆ كیلۆمەتر باكوری گەیارە، بەهۆی دووكەڵی گۆگردیشەوە تا ئێستە دوو كەس گیانیان لە دەستداوە.
رێكخراوە مرۆییەكان هۆشداری دەدەن، لەوەی خەڵكی مەدەنی و منداڵان لە ناوچەكانی جەنگ و ئەو شوێنانەی كاریگەری جەنگیان بەسەرەوە دەمێنێ دوور بخەنەوە.
شارەدێی گەیارە دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر باشووری مووسڵ و رۆژی 23 ئاب/ئۆگەست هەڵمەتی رزگاركردنەوەی لەلایەن هێزەكانی سوپای عێراقەوە دەستی پێ كرد و رۆژی 25 ئاب/ئۆگەستس بەتەواوی لە تیرۆریستان پاك كرایەوە.
رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.
لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.
رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.
سەرچاوە: سكای نیوز.