هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی: كچانی بەشە ناوخۆییەكانی سلێمانی بەڕەڵا و لەشفرۆشن

:: PM:03:38:10/05/2017 ‌
هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی-گەرمیان كە رێكخراوێكی سەربە پەكەكەیە، چەند دەستەواژەیەكی وەك "بەرەڵا، بێ‌ شەرەف و لەشفرۆش" بەرامبەر بە كچانی بەشە ناوخۆیییەكانی سلێمانی بەكاردێنێت كە دژ بە وەرگرتنی پارەی بەشە ناوخۆیی خۆپیشاندانیان ساز كردبوو. ئەوەش ناڕەزایەتییەكی بەرفرەوانی لە ئاستی خوێندكارانی بەشە ناوخۆیییەكان و چالاكانی بواری ژنان لێكەوتووەتەوە.

پاش ئەوەی كچانی بەشە ناوخۆیییەكانی سلێمانی وەك ناڕەزایەتی بەرامبەر بە وەرگرتنی پارەی بەشە ناوخۆیی خۆپیشاندانیان ساز كرد. یوسرا رەجەب هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی-گەرمیان لە چەند پۆست و نامەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیدا، بەتوندی پەلاماری كچە خوێندكارە خۆپیشاندەرەكانی دا. ئەو كە چەند چەمك و دەستەواژەیەكی وەك كچە "بەرەڵاكان، بێ‌ شەرەف و لەشفرۆشەكان"ی لە پۆستەكانیدا بەكار هێنابوو، لە بەرامبەر دەربڕینەكانی رووبەڕووی ناڕەزایەتی و رەخنەی توند كرایەوە.

یوسرا رەجەب كە هاوكات مامۆستایە لە زانكۆی گەرمیان، لە یەكێك لە پۆستەكانیدا ئاماژە بە قسەی سەرپەرشتیارێكی زانكۆ دەكات كە داوای لە كچە خۆپیشاندەرەكان كردووە، لەسەر شەقام خۆپیشاندان نەكەن، بە پاساوی ئەوەی مەترسیدارە و رێگەی هاتوچۆی "سەرخۆشەكانی چەقچەق و سەرچنارە"، ئەو پێی گوتوون، "100 هەزار دینار ئەوەندە ناهێنێت سەرخۆشێك تەعەداتان لێ‌ بكات"، بەڵام بەگوتەی یوسرا، كچە خوێندكارێك گوتوویەتی، "بەڵێ‌ ئامادەم هەر چیم پێ‌ بكرێ‌ با بكرێ‌ بۆ 100 هەزار دینار"، هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی بە سووكایەتییەوە بەرامبەر بە كچە خوێندكارەكان كە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە وەرگرتنی 100 هەزار دینار وەك كرێی بەشە ناوخۆیی دەربڕیوە، دەڵێ‌، "ئەو كچە مێشی قژی بایی 150 هەزار دینارە".

چەند كچە خوێندكار و چالاكی بواری ژنان رەخنەی توندیان ئاراستەی یوسرا رەجەب كردووە، بەڵام ئەو لە وەڵامەكانیدا پێداگیری لەسەر هەمان دەربڕینەكانی دەكاتەوە و چەندان جاری تر، دەستەواژەی "كچە بەرەڵاكان، شەرەفیان نییە و ...هتد" بەكاردێنێتەوە. 

ئەو بۆ سەلماندنی ئەوەی كچە خوێندكارەكان كارێكی "نەشیاو"یان كردووە كە خۆپیشاندانیان لەسەر شەقام كردووە، پاساوی ئەوە دێنێتەوە كە خۆپیشاندەران چوونەتە سەر ئەو شەقامە سەرەكییەی بۆ چەقچەق و سەرچنار دەڕوات و دەڵێ‌، "ئەمشەو كچانی بەشە ناوخۆیی چ بەڕەڵایییەكیان كرد، خۆم بینیم چوونە سەر شەقامی سەرەكی كە دەڕوات بۆ چەقچەق و سەرچنار، هەرچی سەرخۆش و داوێنپیس و لەشفرۆش هەیە رەدیان دەبرد و فیكوهۆڕ و هۆڕن لێدان، تەپڵ و مۆسیقا، لەسەر شەقام لانەچوون".

هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی سەربە پەكەكە، ناڕەزایەتی لەوە دەربڕیوە كە كچە خوێندكارە خۆپیشاندەرەكان، هاتوونەتە سەر شەقام و هەڵپەڕیون، لەكاتێكدا چالاكێكی مەدەنی ئەوەی بە بیر هێناوەتەوە كە كچانی گەریلایش لە شاخ هەڵدەپەڕن، بەڵام بەرپرسەكەی تەڤگەری ئازادی بە هەڕەشەوە دەڵێ‌، "جارێكی تر كچی شەڕڤان لەگەڵ بەڕەڵایەكی سەر شەقام بەراورد نەكەی"، ئەوەش وەك دووپات كردنەوەیەك لەوەی ئەو كچە خوێندكارانەی لە شەقام خۆپیشاندانیان كردووە، "بەڕەڵا"ن.

دەربڕینەكانی هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی، لە ئاستی چالاكانی مەدەنی و بواری ژنان ناڕەزایەتی دروست كردووە، هەریەك لە شاسوار مامە و كەژاڵ نووری وەك چالاكی مەدەنی و بواری ژنان لە ناڕەزایینامەیەكدا بەناونیشانی "كچانی بەشە ناوخۆیییەكان لەشفرۆش و بەرەڵا نین"، وەڵامی ئەو بەرپرسەی تەڤگەریی ئازادیان داوەتەوە.

ئەوان لە نامەكەدا بەرامبەر بە یوسرا رەجەب دەڵێن، "ئەم هەڤاڵە لە بەرامبەر بەشێك لەو كچانەی بەشداری چالاكییەكانی بەشە ناوخۆیییەكان بوون، دەستەواژەی (بەرەڵا، سەرخۆش، داوێنپیس و لەشفرۆش)ی بەكارهێناوە" و دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە ئەو كاردانەوە و دەبڕینە لە "هیچ ژنێكی ئازاد چاوەڕوان ناكرێت".

ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە، "ئێمە لەكاتێكدا چاوەڕوان بووین خاتوو یوسرا رەجەب لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی روونكردنەوە بدات و داوای لێبوردن بكات، بەڵام لە روونكردنەوەكەیدا دانی پێدا دەنێت كە ئەم قسانەی كردووە و لەبری داوای لێبوردن، پاساو دێنێتەوە بۆ هەڵەكەی و دەڵێت بۆچوونی تایبەتی خۆمە". 

پاش فرەوانبوونی ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر بە دەربڕین و كاردانەوەكانی یوسرا رەجەب، ناوبراو روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و وێڕای دووپاتكردنەوە لەسەر ئەوەی دەستەواژەی "بەڕەڵاییان كرد"ی بەرامبەر بە كچە خۆپیشاندەرانی بەشە ناوخۆیییەكانی سلێمانی بەكارهێناوە، بەوە پاساوی دەداتەوە، "من كەسێكی یاساییم و لەدیدی تەواوی یاساناسانەوە هەر كارێكی نایاسایی بە بەڕەڵایی دادەنرێت". ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ كارێكی نایاسایی بووە.

یوسرا هەر لەو روونكردنەوەیەدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە دەربڕین و كاردانەوەكانی هەڵوێستی تایبەتی خۆیەتی و پێوەندی بە تەڤگەری ئازادییەوە نییە، بەڵام وەك بەشدارانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیباسیان كردووە، "ئەو لەژێر فشاری تەڤگەردا ئەو روونكردنەوەیەی نووسیوە، لەكاتێكدا دەبوو تەڤگەری ئازادی داوای لێبوردن بكات، كەچی هاوسەرۆكەكەشی نایكات".

وەك كەژاڵ نووری و شاسوار مامە لە درێژەی نامەكەیاندا دەڵێن، "ئەو(هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی) لە پێگەیەكی گشتیدایە و بەرپرسیارێتییەكی باڵای حزبی هەیە و لەناو كۆمەڵگەدا هەموو بۆچوون و كردەوەكانی لەسەر پێگە و كەسایەتییەكەی هەژمار دەكرێت. كەسێك لە پێگەیەكی وەهادا چۆن دەتوانێ‌ رێگە بەخۆی بدات تۆمەتی وا گەورە و ناڕەوا بداتە پاڵ كۆمەڵێك كچە خوێندكار. خۆ ئەگەر ئەم تۆمەتانە بنەمای راستیشیان هەبێت، ئەركی ئەوە هاریكارییان بكات و لەو دۆخە رزگاریان بكات نەك جنێویان پێ‌ بدات و هێرش بكاتە سەر كەسایەتییان".





وشە - تایبه‌ت