ئەڵمانیا: 2020 تەنگژەی ئابووریی كوردستان كۆتایی دێت

بەڕێوەبەری نووسینگەی پێوەندییە پیشەسازی و بازرگانییەكانی ئەڵمانیا لە عێراق ئاشكرای كرد، ساڵی 2016 بایی 800 ملیۆن یۆرۆ كەلوپەلی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق هاوردە كراوە، ئاماژەی بەوەش كرد كە لە 2020 تەنگژەی دارایی لە كوردستان نامێنێ و دۆخەكە لە پێش هاتنی تەنگژە دارایییەكە باشتریش دەبێتەوە.

نەسرین خەلیل بەڕێوەبەری نووسینگەی پێوەندییەكانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیا لە عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ساڵی 2013 بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریستان، نزیكەی 50 كۆمپانیای ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كشانەوە و بۆ ئەڵمانیا گەڕانەوە، چونكە نەیاندەتوانی درێژە بە پڕۆژەكانیان بدەن.

هەروەها گوتی، ئۆفیسی نووسینگەی پێوەندییە پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیا لە بەسرە دوای هاتنی داعش داخرا، ئێستەش حكوومەتی ئەڵمانیا 130 نووسینگەی پێوەندیی بازرگانی و پیشەسازی لە وڵاتانی جیاجیای دنیا هەیە و لەو ژمارەیە یەكێكیان لە هەولێر و ئەوەی تریشیان لە بەغدایە.

نەسرین خەلیل لەبارەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و تەنگژەی دارایی بۆ "وشە" دواو و گوتی، ئێستە حكوومەتی كوردستان چاكسازی  لە بواری دارایی و ئابووری دەست پێ كردووە و ئێمە بە ڕوونی ئەو گۆڕانكارییانە دەبینین، ئەوان لە ڕابردووی خۆیانەوە فێر بوون و ئێستە بە ڕژدی كار لەسەر ئەوە دەكەن كە تێچووی خۆیان كەم بكەنەوە، بۆیە ڕەنگە بۆ ساڵی 2020 باری ئابووری و دارایی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران و پێش تووشبوون بە تەنگژەی دارایی، پێشبینی دەكەین باشتریش ببێ لەو كاتە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدا ڕۆڵی كەرتی تایبەت فرەوانتر بكات.

نووسینگەی پێوەندییە پیشەسازی و بازرگانییەكانی ئەڵمانیا لە عێراق، دامەزراوەیەكی فەرمیی حكوومەتی ئەڵمانیایە و لە هەولێر و بەغدا دوو نووسینگەیان هەیە و جگەلەوە لە 128 وڵاتی تریش ئەو نووسینگانەی حكوومەتی ئەڵمانیا بوونیان هەیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:02:16:11/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 42566 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌