گەڕەكێكی تری مووسڵ ئازاد كرا

:: PM:02:07:13/05/2017 ‌

شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق لە چوارچێوەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری ڕاستی شاری مووسڵ، ئەمڕۆش ئازادكردنەوەی گەڕەكێكی تری ڕاگەیاند.

شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق ئەمڕۆ شەموو لە زاری فەریق روكن عەبدولئەمیر یارەڵا فەرماندەی پرۆسەی (قادمون یا نینوی) بڵاوی كردەوە، هێزەكانی  پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق، توانیویانە گەڕەكی (هەرەماتی سێ) لە بەری ڕاستی شاری مووسڵ ڕزگار بكەن و لەگەڵ گەڕەكی 17ی تەمووز بگەنەوە یەك، بەمەش تەواوی ناوچەی هەرەمات ئازاد كرا.

یارەڵا ئاماژەی داوە كە زیانێكی زۆریشیان لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش داوە.

لە 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد، ئەویش پاش ئەوەی داعش لە حوزەیرانی 2014 تەواوی شارەكەی داگیر كرد، هاوكات لە 24ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ توانرا تەواوی بەری چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوبات/فێبرایەریش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامی هەیە و چەندان گەڕەك كۆنترۆڵ كراونەتەوە، ئێستە تەنیا ٨گەڕەك و ناوەندی مووسڵی كۆن بەدەستی داعشەوە ماون.


وشە - سیروان