جەنراڵ جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی ئەركانی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست شەوی رابردوو سەردانی بنكەی ئاسمانی گەیارەی كرد لە نزیك مووسڵ بۆ ئەوەی هیزەكانی هاوپەیمانان و هیزەكانی عێراق بەسەر بكاتەوە. ئەو بنكە سەربازییە بە گرنگترین بنكەی سەربازیی لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ هەژمار دەكرێت.
شەڕی مووسڵ لە هەفتەی دووەمی دایە و هێشتا دیار نییە ئەو شەڕە چەندە دەخایەنێت. هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق لە پێشرەوییەكانیان بەردەوامن.
جەنراڵ جۆزێف بە فڕۆكەیەكی تایبەتی بە ناوی "هێركۆلۆس" سەردانی گەیارەی كردووە و بنكەكەش یەكێك لەو شوێنانەیە كە لەوێوە پێداویستی و چەك و تەقەمەنی هێزەكان دابین دەكات.
ئەو بنكە سەربازییە لە چەند مانگی رابردوودا بە تەواوی لە تیرۆریستان پاك كرایەوە و ئەمریكا سەرووی ٥٠٠ سەرباز و راوێژكاری رەوانەی ئەو بنكە سەربازییە كردووە.
فرانس پرێس دەڵێت هەندێك لە هێزەكانی فڕەنساش لەو بنكە سەربازییە جێگیر كراون و هێزەكانی بەریتانیاش لە نزیكەوە هاوكاری هیزەكانی عێراق دەكەن.
سوپاسالار جەنراڵ ستیڤنیش هاوڕێیەتی ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای ئەمریكای كردووە و كە بەرپرسیارە لە راهێنانی سەربازی هێزەكانی پشمەرگە و سوپای عێراق.
ئەو جەنراڵەش بە میدیاكانی گوت ئێستە تیرۆریستان لە شێوەەیەكی نوێی خۆتەقاندنەوە سود وەردەگرن و ئۆتۆمبێلەكانیان یان خۆیان لە بن دیوار و خانووەكان حەشار دەدەن و كاتێك هێزەكان نزیك دەبنەوە خێرا هێرش دەبەن و خۆیان دەتەقێننەوە چونكە دەترسن خێرا فڕۆكەكان بیانپێكن.
ئەو گوتیشی چەكدارامی داعش نەوت و تایە دەسووتێنن بۆ ئەوەی لە دیدی فڕۆكەكان ون بن و جگەلەمە كارگەیەكی كبریتیشیان سووتاندووە و دوێنێ سێشەم هێزەكانی سوپای عێراق ناچار بوون دەمامك بەكاربێنن.
سەرچاوە/رادیو فردا