سووریا.. ئه‌مه‌ریكا و رووسیا هاوپه‌یمانیی وڵاتانیان پێ له‌ هاوپه‌یمانی حزب باشترە

:: AM:11:21:26/10/2016 ‌

پێ ده‌چێت توركیا بۆ لێدانی داعش له‌ عێراق له‌ ژێر ناونیشانی "پاراستنی سنووره‌كانی" بڕاندبێتییه‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ هێزی وشكانیش به‌كار بهێنێ، به‌ڵام له‌ سنووری خاكی سووریا، ته‌نیا به‌ سه‌ردانێكی ئاشتن كارته‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا كۆتایی نایه‌ت، ئایا ده‌توانێ ڕووسیا ڕازی بكات؟

به‌ كردار سوپای توركیا هێزه‌كانی "قه‌ڵغاتی فورات"ی جوڵه‌ پێ كردووه‌ كه‌ زۆربه‌ی تانك و زرێپۆشن و فڕۆكه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌ چاودێری ده‌كات، ئه‌م هێزه‌ش وه‌ك "یه‌په‌گه‌" ده‌ڵێت، چه‌ندێك بۆ دژی داعشه‌، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ دژی ئه‌وانه‌، لای خۆشییه‌وه‌ "مه‌ولوود چاویش ئۆغڵۆ" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌ ڕاشكاوی ده‌ڵێ: هه‌موو ڕێوشوێنێك له‌ دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ڵ له‌ باکوری سووریا ده‌گرینه‌ به‌ر و ئه‌و بۆردمانه‌ ئاسمانییه‌ش كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ریان، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیاوه‌ گڵۆپی سه‌وزمان بۆ هه‌ڵكراوه‌.

ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی (په‌یه‌ده‌) ده‌ڵێ: توركیا گڵۆپی سه‌وزی بۆ لێدان له‌ ئێمه‌ بۆ هه‌ڵنه‌كراوه‌، به‌ڵكوو بۆ لێدان بووه‌ له‌ حه‌له‌ب، توركیا ناتوانێ به‌بێ ڕازیكردنی هه‌ردوو زلهێز بێته‌ ناو خاكی سووریاوه‌، ئه‌و ڕازیكردنه‌ش ئاسان نییه‌.

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی "دیوچه‌ڤیله‌"ی ئه‌ڵمانی، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو كه‌ ئه‌وان هێشتا خۆیان به‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا ده‌زانن، هه‌ر بۆیه‌ پێویستیان به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن ڕێگه‌ دراوه‌ توركیا بۆردومانیان بكات.

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌بوئه‌حمه‌د عاسمی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازیی سوپای ئازادی توركیا ده‌ڵێ: ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا، هاوپه‌یمانیی كاتی له‌گه‌ڵ گرووپ و ڕێكخراو و حزبه‌كان ده‌به‌ستن، ئه‌وان هاوپه‌یمانیی وڵاتانیان پێ باشتره‌ و هه‌ركات ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ هه‌بێ، واز له‌ هاوپه‌یمانیی گرووپه‌كان ده‌هێنن. بۆیه‌ به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ كه‌ هه‌ریه‌که له‌ ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا، واز له‌ هاوپه‌یمانیی په‌یه‌ده‌ بهێنن.

زیاتر گوتی: كورده‌كانی سووریا جێی دڵنیایی ئه‌مه‌ریكا نین، ڕۆڵی توركیاش وه‌ك جاران نییه‌، ئه‌نقه‌ره‌ كه‌ پێشتر به‌ سیاسه‌تی "دژه‌ ڕه‌فتار" مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد، ئێسته‌ ده‌یه‌وێ خۆی "ڕه‌فتاركه‌ر و ده‌ستپێشخه‌ر" بێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ سێشه‌م له‌ فڕه‌نسا، وڵاتانی هاوپه‌یمانی دژی داعش، بڕیاریان دا كه‌ ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ له‌ سووریاش كۆتایی پێ بهێنن، ئاشتن كارته‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ڕای گه‌یاند جه‌نگی مووسڵ و جه‌نگی ره‌قه‌، تێكهه‌ڵكێشی یه‌كن و دوو شه‌ڕی جیاواز نییه‌ و ئاشكرای كرد كه‌ ئاماده‌كاری بۆ گه‌مارۆدانی ڕه‌قه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌ و ڕاسته‌وخۆ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی هه‌موو بستێكی خاكی عێراق، سه‌ره‌ی ڕه‌قه‌ دێت. ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ شه‌ڕی ڕه‌قه‌دا، ئه‌و هێزه‌ له‌سه‌ر زه‌وی شه‌ڕ ده‌كات، ته‌نیا خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ خۆیان ده‌بن، چونكه‌ باشتر شاره‌زای جوگرافیاكه‌ن، ئێمه‌ ده‌توانین پاڵپشتیان بین و هاوكارییان بكه‌ین.

سه‌رچاوه‌كان: شه‌رق ئه‌وسه‌ت،  DW، فڕانس پرێس


وشە - كوردۆ شابان