رۆناڵدۆ لەبەرامبەر چەند وێنەیەك پارەیەكی خەیالی لە كۆمپانیایەكی سعوودی وەردەگرێ

:: AM:11:20:14/05/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەبەرامبەر چەند وێنەیەكی فۆتۆی ریكلامیدا پارەیەكی خەیاڵی لە كۆمپانیایەكی سعوودی وەرگرتووە.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل) بڵاوی كردەوە: كریستیانۆ لە ساڵی 2013 لەبەرامبەر چەند وێنەیەكی فۆتۆییدا بڕی 920 هەزار پاوەنی لە كۆمپانیایەكی سعوودی وەرگرتووە كە دەكاتە 4.5 ملیۆن ریال.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە رۆناڵدۆ بۆ ماوەی 4 سەعات كاری وێنەگرتنی لەو ریكلامەدا كردووە و ئەو بڕە پارە زۆرەی وەرگرتووە.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی رۆناڵدۆ لەگەڵ كۆمپانیا سعوودییەكە كردوویەتی، وێنەی ریكلامەكانی تەنیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا بووە نەك هەموو جیهان.

كۆمپانیا سعوودییەكە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، جگە لە وێنەكان 4 درێسی تایبەتیشی بە ئیمزاوە لە رۆناڵدۆ وەرگرتووە و بۆ كاری ریكلامەكان بەكاری هێناوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م