پڕۆژە نهێنییەكەی ئەپڵ ئاشكرا كرا

:: AM:11:42:14/05/2017 ‌

پێگەی "بیزنس انسایدەر" لەم دواییە پڕۆژە نهێنییەكەی كۆمپانیای ئەپڵی بڵاو كردەوە كە لە هەموو كەس شاراوەتەوە، ئەویش بریتییە لە پڕۆژەی ئۆتۆمبێلە سیحرییەكەی ئەپڵ كە ناوی "ئەپڵ كار"ە.

سەرچاوەكان ئاشكرایان كردووە، ئەپڵ بۆ پەرەپێدان بەو پڕۆژە نهێنییەی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیای كردووەتە نووسینگەیەكەی نهێنی و دوور لە ئەمەریكا ئەو كارە ئەنجام دەدات، تەواوی هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ و باشترین شارەزا و پسپۆڕانی بواری ئۆتۆمبێلی كۆ كردووەتەوە، تا ئۆتۆمبێلی ئەپڵ كار بگاتە ئاستێك كە نزیك بێ لە خەون و خەیاڵی مرۆڤ.

میدیاكان هەوڵی زۆر دەدەن بگەنە ئەو نووسینگەیەوە، بەڵام ئەوێ تەواوی شوێنێكی نهێنییە و هاوشێوەی بارەگای دەزگەیەكی هەواڵگری لێ هاتووە، تەنانەت پەردەی ژوورەكانیشی داخراون و كراوە نین، نەك كەسێك لە پەنجەرەكانەوە ناوەوە ببینێ یان وێنەی بگرێت.

سام شید لە پێگەی "بیزنس ئنسایدەر"ەوە بەردەوام بەدوای كاری ئەو شوێنە نهێنییەی ئەپڵ دەگەڕێت، دەڵێ بە دڵنیایییەوە ئەو نووسینگە نهێنییەی ئەپڵ لە بەرلین، پێوەستە بە پڕۆژەی "ئۆتۆمبێلە زیرەكەكانی ئەپڵ" و دڵنیاش بووینەتەوە كە دەیان ئەندازیاری ئۆتۆمبێل لەو نووسینگەیەی بەرلینی كۆمپانیاكە كار دەكەن و دەیانەوێ نەخشەی زۆر ناوازە و تایبەتی سیستەمی ئۆتۆمبێلە خۆكارەكان بكێشن.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د