ئەمەریكا هێز لە فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی بەریتانیا بڵاو دەكاتەوە

:: PM:12:21:14/05/2017 ‌

ئاژانسەكانی هەواڵ لە بەریتانیا بڵاویان كردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەردەم دەرگەی چوونە دەرەوەی فڕۆكەخانەی هیسرۆی نێودەوڵەتی لە لەندەن، پیاوانی ئاسایشی بڵاو كردووەتەوە.

ڕۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوی كردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ دڵنیابوون لەو سەرنشینانەی كە لە فڕۆكەخانەی (هیسرۆ)ی نێودەوڵەتییەوە بەرەو ئەمەریكا گەشت دەكەن، بۆ ئەوەی بزانرێت ئامێری (لاپتۆپ) یاخود هیچ ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بۆمبڕێژكراوی تریان پێ نییە، لە بەردەم دەرگەی دەرەوەی فڕۆكەخانەكە پیاوانی ئاسایشی بڵاو كردووەتەوە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئەو ئەندامانەی ئاسایش هەموو ئەو كەسانە دەپشكنن و تەماشای كەلوپەلەكانیان دەكەن.

ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسە بەریتانی و ئەمەریكییەكانەوە ئەوەی ئاشكرا كردووە، پێشتر ئەمەریكا هۆشداری داوەتە بەریتانیا بەوەی تیرۆرستەكانی ناو بەریتانیا توانای بۆمبڕێژكردنی لاپتۆپ و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی تریان هەیە.

جێی ئاماژەیە لەماوەی ڕابردوو ئەمەریكا بڕیاری قەدەغەكردنی هەڵگرتنی لاپتۆپ و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی تری بۆ ئەو گەشتیارانە دەركرد كە لە چەند وڵاتێكی دیاریكراوەوە گەشت بۆ ئەمەریكا دەكەن، بەریتانیاش یەكێك بوو لەو وڵاتانە، ئەمەش وای كردووە لە هەر سێ گەشتێك، یەك گەشت هەڵبوەشێتەوە، ئەویش بەهۆی لێكۆڵینەوە و پشكنینی وردی گەشتیاران.



وشە - سیروان