زۆر میزكردنی شەوانە مانای چییە؟

:: PM:07:33:14/05/2017 ‌
زۆرێك هەن كە شەوانە ناچاری هەستانن لە خەو  لە شەواندا بۆ میزكردن، كە بێجگە لە بێزاركارییەكەی رەنگە نیشانەیەكیش بێت بۆ چەند نەخۆشییەكی مەترسیدار.

بەپێی توێژینەوەكان یەكێك لە هەرسێ كەسانی پێگەیشتوو لە سەرووی 30 ساڵی شەوانە بۆ میزكردن هەڵدەستنەوە و بۆ تەمەنی سەرووی 65 ساڵیش رێژەكە بۆ دوو لەسەر سێ بەرز دەبێتەوە، ئەو حاڵەتەش بە " nocturia" دەناسرێت.

فیلیپ ڤان كیریبرۆك مامۆستای نەشتەرگەری میزەڕۆ لەو بارەوە وریایی دەدات و بەپێویستی دەزانێت كە كاریگەرییە نەرێنییەكان و هۆكاری ئەو حاڵەتە ئاشكرا بكرێت و دەڵێت، رەنگە خەڵك وا بزانن میزكردنی زۆری شەوانە نیشانەیەكی بەتەمەنداچوون بێت، بەڵام ئەو حاڵەتە پێوەست نییە بە تەمەنەوە، چونكە كەمنوستن زیانی هەیە بۆ تەندروستی و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و پێویستە ئەوانە سەردانی پزیشك بكەن. 

كەمخەوی شەوانە ئەوەشیان پێوەستە بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و لاوازی بەرگری لەش و نەخۆشییەكانی دڵ و هەندێك جۆری شێرپەنجە، بێجگە لە نەخۆشییەكانی مێشك وەك خەمۆكی و رارایی كە تەنیا كەمخەوی هۆكار نییە بۆ ئەو نەخۆشییانە، بەڵكو لەوانەیە زۆرمیزكردنی شەوانە نیشانەیەك بێت بۆ ئەو نەخۆشییانە. 

هەرچی لە كەسانی بەتەمەن زیادبوونی بەرهەمهێنانی میز، واتە زیاتر لە 2.5 لیتر لە 24 سەعات، رەنگە نیشانەی مەترسیدارتر بن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شەكەرە لە جۆری دووەم و نەخۆشی كۆئەندامی میز و پەككەوتنی گورچیلەكان و ئاوسانی پرۆستات لە پیاوان.

هەربۆیەش پزیشكان رێنوێنی ئەو كەسانە دەكەن كە شەوانە بۆ میزكردن هەڵدەستن لەگەڵ دەركەوتنی چەند نیشانەیەكیش وەك ئازاری پشت و كێش لەدەستدان و ئارەقەكردن و تا لاوازی ماسولكەكانی قاچ كە پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا بكەن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل