لە هەندێك گەڕەكی هەولێر پارچەیەك زەوی دوو هەزار دۆلار هەڵكشاوە

:: AM:11:45:26/10/2016 ‌

لە دوو ساڵی رابردوودا، ئابووریی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك پاشەكشەی كردووە كە هەواڵێكی خۆشیش ئەگەر تۆزێك باوەڕپێكراو بێت، ئەوا بەجووڵەی دەخات. خەڵك دەمێك بوو گوێیان لە هەواڵی خۆش نەبووبوو، سەردانی ئەم دواییەی شاندی كوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەنگۆی رێككەوتن و هاتنی پارە، جووڵەی خستووەتە بازاڕی زەوی و خانووبەرە لە هەولێردا.

ئەوان لە بەردەم نووسینگەكەیاندا خەریكی یاری دۆمینە بوون و چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد یەكێك بێت و داوای پارچەیەك زەوییان لێ بكات. دۆمینەكردنی دووكاندار و بازرگانان كە جاران هێمایەك بووە بۆ بێ بازاڕییان، ئەم جارەیان ئومێدێكە بۆ بەجووڵەكەوتنی بازاڕەكە.

پێش تەنگژەی دارایی، لەبەر بەڕێكردنی كڕیار و نووسینی گرێبەست، كەس دەرفەتی ئەوەی نەبوو سەریشی بخورێنێت، چ بگا بەوەی كاتی خۆی بە دۆمینە بكوژێت. ساڵیك دوای تەنگژەكە لەبەر نەبوونی كڕیار، نووسینگەكان كاتی خۆیان بە دۆمینە پڕ دەكردەوە و دوای چەند مانگێك دۆمینەكەشیان كۆ كردەوە و زۆربەیان دەرگەی نووسینگەكانیان داخست، ئێستە كە بێ بازاڕییەكە درێژەی هەیە، كردنەوەی دەرگەی نووسینگەكان و دۆمینەكردن نیشانەی ئومێدێكی نوێیە بۆ بەجووڵەكەوتنی بازاڕەكە.



هاشم محەمەد بەدەم یاریكردنەوە بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە لە دوای بڵاوبوونەوەی هەندێك هەواڵی خۆش و ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بازاڕی زەوی و خانووبەرە بە جووڵە كەوتووە. ئەو گوتی لە زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك، هەر پارچەیەك زەوی لە دوو هەزار دۆلارەوە تا سێ هەزار دۆلار هەڵكشاوە. 

لەو قسانەدا بووین كە حامید عوسمانی خاوەن زەوی بەشداری لە گفتوگۆكەدا كرد و گوتی، "خۆ نرخی زەوی و خانوو سووك بووە، ئەو خانووەی ئێستە بە ٦٠ هەزار دۆلار بۆم نافرۆشرێت، كاتی خۆی بە 100 هەزار دۆلارم كڕیوە". بەگوتەی ئەو هاووڵاتییە، نرخی هەر مەترێك زەوی لە هەشتی حەسارۆك لە 20 دۆلارەوە دەستی پێ دەكرد و لە هەندێك شوێن تا هەزار دۆلار بەرز دەبووەوە، بەڵام ئێستە مەتری زەوی لە نێوان 150 دۆلار تا 400 دۆلارە.

ئەگەر پارچەیەك زەوی لە دوو هەفتەی رابردوو، دوو هەزار دۆلاری هاتبێتە سەر، بەو واتایە دێت كە هەر مەترێكی زەوی هەشت دۆلار گران بووە.



لە چەند نووسینگەیەكی كەرتی باداوەش خاوەن نووسینگەكان باسیان لەوە كرد كە هەواڵەكە كاریگەریی هەبووە. محەمەد ئیسماعیل تا رادەیەك رەشبینە و پێی وایە ئەگەر بەم زووانە بە پراكتیكی شتێك لە رووی ئابووری روو نەدات كە بەسوودی خەڵكی كوردستان بێت، ئەوا دیسان بازاڕی زەوی و خانوو لەو جووڵەیەش دەكەوێت. ئەو گوتی حكوومەت خۆیشی رۆڵی هەبووە لە پەكخستنی بازاڕی زەوی و ئەو بڕە باجە زۆرەی بۆ خانوو و زەوی دایناوە، وای كردووە خەڵك ئامادە نەبن لە ترسی باجەكە موڵكەكەیان بفرۆشن.

گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی كوردستان رێك لە دوای رزگاركردنی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دەستی پێ كرد. گەرمترین بازاڕ لە كوردستان لەو كاتەوە تا پێش ساڵی 2014 كڕین و فرۆشتنی پێ كراوە، بریتی بووە لە كەرتی زەوی و خانووبەرە.

داهاتی تاك بەرز بووەوە و خەڵك ئەو پارەیەی دەستی دەكەوت و پاشەكەوتی دەكرد، یەكسەر پارچەیەك زەوی پێ دەكڕی. تا پێش ساڵی 2014 هیچ كەسێك لە فرۆشتنی پارچەی زەویدا زیانی بەرنەكەوت، چونكە چەند مانگێك دوای كڕینی، نرخی بەرز دەبووەوە و هەندێك جار دوای دوو ساڵ دوو هێندە لە نرخی بەرز دەبووەوە. ویستی لەرادەبەدەر لەسەر زەوی و خانووبەرە، نرخەكانی ساڵ بەساڵ هەڵكشاند و ئەو پارچە زەوییە 250 مەترییەی لە 2004 بە سێ هەزار دۆلار كڕابوو، لە ساڵی 2013دا سەرووی 90 هەزار دۆلاری دەكرد.



لە ساڵی 2014 كە تەنگژەی دارایی دەستی پێ كرد و دواتر داعشیشی هاتە سەر، ئاراستەی نرخی خانوو و زەوی پێچەوانە بووەوە و وەك بڵقە ئاوەكە تەقییەوە، تا نرخی خانوو یان زەوییەكە گرانتر بووایە، ئەوا رێژەی دابەزینیشی زیاتر بوو، بۆ نموونە نرخی خانووی 400 هەزار دۆلاری، دابەزی بۆ 200 هەزار دۆلار كە دەكاتە 50%، لە خانووی مامناوەندی نزیكەی 30% و هی بچووكیش تا 15% دابەزی.

دابەزینی نرخ تا مانگێك لەمەوبەر بەردەوام بووە و بەشێوەیەك هەناسەی لەو بازاڕە بڕی. لە 29ی ئەیلوول كە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسعوود بارزانی سەردانی بەغدای كرد، ئاراستەكە بۆ یەكەم جار دوای نزیكەی سێ ساڵ گۆڕا.

لەگەڵ ئەو سەردانە، كۆمەڵێك هەواڵی خۆش بڵاو بووەوە و باس لەوە كرا كە هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و مووچە و كۆمەڵیك كێشەی تر رێك كەوتوون و بەغدا خۆی مووچەی كوردستان دابین دەكات. خاوەن نووسینگەكان دەڵێن ئەمە تاكە شتێك بووە كە بازاڕی زەوی و خانووبەرەی بە جووڵە خستووە.



پێشبینی و دروستبوونی هەر جۆرە ئومێدێك بۆ باشتربوونی دۆخی شوێنێك، بە بۆچوونی دكتۆر عەبدوڵا پشدەری، كاریگەری بۆ سەر بەجووڵەخستنی بازاڕ هەیە. ئەو بۆ "وشە" گوتی، خەڵكێكی زۆر لە ترسی ناڕوونیی داهاتوو، ناوێری هیچ شتێك بكڕێت و كاتێك دەزانێت خەریكە دۆخەكە باش دەبێت، بەهیوای قازانج دەچێت زەوی دەكڕێت، چونكە دەزانێت بە باشبوونی دۆخی تەناهی و ئابووری، نرخیش بەرز دەبێتەوە و لەو كاتەدا كەسە كڕیارەكە قازانج دەكات.

ئەو لەبارەی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زەوی لە پێش 2014 گوتی، بەرزبوونەوەی نرخەكە نائاسایی بوو و بەشێكی دەسەڵاتداران خۆیان دروستیان كرد، چونكە ئەوان و هەندێك نووسینگەی گەورە لە ماستەرپلانەكان ئاگادار بوون و خۆیان زەوییەكانیان دەكڕی و ئەمەش نرخەكانی بەرز كردەوە.

پشدەری دەڵێت هێشتا خەڵكی كوردستان نازانێت لە داهاتوودا چ گۆڕانكارییەك روو دەدات و دوای مووسڵ دۆخەكە چیی بەسەر دێت، ئەگەر ئەنجامەكان ئەرێنی بن، ئەوا بازاڕەكەش هەڵدەستێتەوە.

هەواڵە خۆشە بیسترا و بازاڕەكەی جووڵاند، ئەگەر ئەو هەواڵەش راست دەرنەچێت و كێشەكان قووڵتر ببنەوە، ئەوا پێشبینی دەكرێ ئەو جووڵەیەش نەمێنێت.

وشە/ سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان