سووده‌ سه‌رسووڕهێنه‌ره‌كانی سندی فه‌رامۆش مه‌كه‌


میوه‌ی سندی (گرێفوود)، یه‌كێكه‌ له‌ میوه‌ ترشه‌كانی له‌ ڕه‌گه‌زی پڕته‌قاڵه‌ و به‌ زۆری له‌ وه‌رزی زستاندا هه‌یه‌، به‌ڵام قه‌باره‌ی گه‌وره‌تره‌ و توێكڵێكی ئه‌ستووری زه‌رد یان سه‌وزی هه‌یه‌ و ناوه‌كه‌ی سوور یان زه‌رده‌، ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ئاو له‌ خۆ ده‌گرێ و چه‌ندان سوودی سه‌رسووڕهێنه‌ری بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ هه‌ندێ جۆری نه‌خۆشی خراپه‌ و نابێ له‌و كاتانه‌دا بخورێ.

دوایین ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان، گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م سوودانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌:

- ڕزگاربوون له‌ قه‌بزی، چونكه‌ خواردنێكه‌ كرداری هه‌رسكردن ئاسان ده‌كات و په‌ستانی سه‌ر قۆڵۆنیش ناهێڵێ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ڕیشاڵانه‌ی تێیدایه‌.

- چاره‌سه‌ره‌ بۆ ترشه‌ڵۆكیی گه‌ده‌، به‌هۆی ترشی "هیدرۆلیك" كه‌ له‌ سندیدا هه‌یه‌، ده‌بێته‌ هۆی ڕزگاربوونی گه‌ده‌ له‌ هه‌ر ترشه‌ڵۆكییه‌ك و تێكچوونێك.

- له‌ كاتی شڵه‌ژان و ئاره‌قكردنه‌وه‌دا، په‌رداخێك شه‌ربه‌تی سندی هێورت ده‌كاته‌وه‌ و شه‌وانیش ئه‌گه‌ر په‌رداخێك بخۆیته‌وه‌، خه‌وێكی ئارامت پێ ده‌به‌خشێ.

- بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشی له‌ش، سوودێكی زۆری هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕۆژی سندییه‌ك له‌ به‌یانیاندا بخۆن، یان سێ كووپ شه‌ربه‌تی سندی، له‌ چه‌وری و كۆلسترۆڵ ڕزگاریان ده‌بێ.

- سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی دژه‌ ئۆكسانه‌، له‌ وه‌رزی سه‌رمادا خواردنی چه‌ند قاژێك له‌ میوه‌ی سندی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، له‌ هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانی سه‌رما ده‌تپارێزێ، ته‌نانه‌ت نایه‌ڵێ تووشی شێرپه‌نجه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ ببیت، به‌هۆی ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ی ڤیتامین كه‌ تێیدایه‌.

- كۆئه‌ندامی به‌رگریی جه‌سته‌ به‌هێز ده‌كات، بۆیه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان گرنگه‌ و ده‌بێ منداڵ و گه‌وره‌ و خانمانی دووگیان به‌ به‌رده‌وامی بیخۆن.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، گۆڤاری "ناتور ئارتست"ی ئه‌ڵمانی، هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی حه‌بی هێوركه‌ره‌وه‌ی په‌ستانی خوێن ده‌خۆن، هه‌رگیز له‌و كاته‌دا سندی (گرێفووت) نه‌خۆن.

به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ بێت كه‌ گۆڤاره‌كه‌ له‌ زانیاریی توێژینه‌وه‌یه‌كی پزیشكی وه‌ری گرتووه‌، له‌ناو میوه‌ی سندی (گرێفووت)دا ماده‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌ ناوی "نارنگین"، نایه‌ڵێ حه‌بی هێوركه‌ره‌وه‌ی په‌ستانی خوێن كاریگه‌ری دروست بكات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زیان به‌ ته‌ندروستی نه‌خۆشه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر زۆر پێویستی به‌و ده‌رمانه‌ هه‌بێت.

وه‌ك توێژه‌ران باسی ده‌كه‌ن، خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێك شه‌ربه‌تی سندی، هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی كاریگه‌ریی حه‌به‌كه‌ بشێوێنێ.

هه‌روه‌ها نابێ ئه‌وانه‌ی حه‌بی دابه‌زینی كۆلسترۆل ده‌خۆن، میوه‌ی سندی بخۆن، چونكه‌ كاریگه‌ریشی بۆ سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ئه‌وده‌رمانانه‌ هه‌یه‌.


سه‌رچاوه‌/ ئه‌خبار ئه‌لئان


وشە - كوردۆ شابان


AM:09:51:15/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 7674 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌