مانگی سووری توركی یەكەمین كاروانی كۆمەكی مرۆیی بۆ ئاوارەكانی مووسڵ گەیاندە هەولێر كە لە 20 بارهەڵگری گەورەی پڕ لە خۆراك و بەتانی و خێمە و كەلوپەلی تری پێویست پێكهاتووە و بڕیارە بەسەر ئاوارەكانی مووسڵ كە ئێستە گەیشتوونەتە شوێنە ئارامەكان دابەش بكرێت.
كەناڵی "ئیرۆ نیوز" بڵاوی كردووەتەوە، كە هاوكارییە مرۆییەكان لە توركیاوە بە بارهەڵگری گەورە گەیشتوونەتە هەولێر و ئێستە كار دەكرێ بۆ دابەش كردنی كۆمەك و هاوكارییەكان بەسەر ئاوارەكاندا.
پێشتر ئاژانسی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی ئاشكرای كرد، كە لە هەفتەی یەكەمی هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵ، نۆ هەزار كەس لە ماڵەكانی خۆیان ڕایان كردووە و بەرەو ناوچەكانی ژێر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی تری عێراق ڕایان كردووە و پێشبینیش دەكەن ئەو رێژەیە بۆ 150 هەزار كەس بەرز بێتەوە، هەرچەند بەشێك لەو خەڵكە ڕاكردووە لە دەوروبەری مووسڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە گولەباران كراون و كوژراون، بەڵام خەڵكی هەوڵدەدەن خۆیان بگەیەننە ناوچە ئارامەكان.
بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینی دەكرێ زیاتر لە ملیۆنێك خەڵكی مووسڵ ئاوارە بن و رەنگە نزیكەی 750 هەزار كەسیش لە ئاوارەكان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
تا ئێستە چەند كەمپێك لە ناوچە ئارامەكانی وەك شێخان و خازر دروست كراون بۆ پێشوازی لە ئاوارەكان، هاوكات بەشێكیشیان دەنێردرێنە كەمپی دیبگە دوای ئەوەی هەوڵدرا ئەوانەی ناوچەكانیان رزگاركراوە بگەڕێنرنەوە زێدی خۆیان.
رۆژی 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هەڵمەتی رزگاركردنەوەی نەینەوا دەستی پێ كرد و یەكەم هێرش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری خازر بەسەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئەنجام درا. تا ئێستەش هێزەكان لە میحوەری باشوور و رۆژهەڵات و باكوری رۆژهەڵات و باكور بەردەوامن لە پێشڕەوی و تا ئێستە 90 گوند و شارەدێی و شارۆكەیەك و ڕووبەڕێكی یەكجار فرەوان لە تیرۆریستان پاك كراونەتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی بەر لە هاتنی داعش نزیكەی دوو ملیۆن كەس بوو، دوای كۆنتڕۆڵ كردنی شارەكە لە 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 بەهۆی ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار لە چەكدارانی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی، نزیكەی 500 هەزار كەسی خەڵكی شارەكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.
سەرچاوە:ئیرۆنیوز.