خواستی جیهان بۆ نەوت ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە

:: PM:12:02:26/10/2016 ‌

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی کردووە ئاستی داخوازی جیهان بۆ بەرهەمی نەوت لە ساڵی ٢٠١٧دا ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە.

 بەگوێرەی رۆیتەرز فاتح بیرول سەرۆکی ئاژانسەکە گوتوویەتی پێشبینی دەکەن لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوودا بازاڕی جیهانیی نەوت بە هاوسەنگی بگات  و تەنیا کاتێک ئەمە روونادات کە گۆڕانکاری لە خستنەڕووی بەرهەمی نەوت بێتە کایەوە.

ئەو هەروەها گوتوویەتی، ئەگەر نرخی نەوت لە ئاکامی بڕیارێکی ئۆپێک لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، بەرز ببێتەوە، ئەوکات دەبێت چاوەڕێی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە نەوتانەش بن کە بەرهەمهێنانیان خەرجێکی زۆر هەڵدەگرێت.

هەڵبەت بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی راستەوخۆ کاریگەری هەیە بۆسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و تا ئاستی داخوازی سەرووی  ئاستی خستنەڕوو بێت، ئەوا نرخی نەوتیش بەرز دەبێتەوە. ماوەی سێ ساڵە بڕی گشتی داخوازی جیهان لە بڕی گشتی ئەو نەوتەی خراوەتە بازاڕەوە زۆر کەمتر بووە و هەر بۆیەش نرخەکەی دابەزیوە.

ئەندامانی ئۆپێک و رووسیا چەندین مانگە کار بۆ ئەوە دەکەن بتوانن سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دابنێن و هێشتا نرخی نەوت نیوەی ئەو نرخەیە کە لە ٢٠١٤ دەفرۆشرا.



مانگی رابردوو رێکخراوی ئۆپێک بە سەرکردایەتی سعوودیە رەزامەندی دەربڕی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێنێت و ئەمەش دواجار بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێکەوتەوە.

ئەو بڕیارەی ئۆپێک بە یەکەم بڕیاری رێکخراوەکە هەژمار دەکرێت لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوو و هەر ئەوەش وایکردووە تا رادەیەک بازاڕی نەوت سەقامگیر ببێتەوە و نرخەکەی جێگیر ببێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەسودی هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە كە لە دوو ساڵی رابردوو دابەزینی نرخەكەی گوشارێكی زۆری ئابووری خستووەتە سەریان. لە هەرێمی كوردستان كە سەرووی ٩٥%ی داهاتی حكوومەت پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەریی دەبێت بۆسەر بەرزكردنەوەی بڕی داهات و سووكتركردنی باری تەنگژەی دارایی كە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.



نرخی نەوت پێش سەرهەڵدانی داعش سەرووی ١١٥ دۆلار بوو بەڵام لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە رووی لە دابەزین كرد و لە سەرەتای ئەمساڵ تا ٢٧ دۆلار دابەزی. مەترسی ئەوە هاتە ئاراوە نرخی نەوت بگاتە خوارووی ٢٠ دۆلار و ئەمەش هۆشدارییەك بوو بۆ ولاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هەوڵەكانیان بەگەڕبخەن هاوكاری یەكتر بكەن لە رێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی زیادەی نەوت. 

بڕیارە لە ٣٠ تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەو وڵاتانە لە نەمسا کۆببنەوە و بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدەن. بە گوتەی لێکۆڵەرەوان پێداگری عێراق لەوەی رێگەی پێ بدرێت بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتووە، لەوانەیە کێشە بۆ بڕیارەکەی ئۆپێک بهێنێتە کایەوە. جەبار لوعێبی وەزیری نەوتی عێراق رۆژی یەکشەم گوتبووی عێراق لەشەڕدایە نابێت هیچی بەسەردا بسەپێنرێت.



لە دوو ساڵی رابردوودا ئابووری جیهان بە سستی گەشەی کردووە و ئەوەش وایکردووە ئاستی داخوازی نەوت بەراورد بە ئاستی خستنەڕوو داببەزێت و دواجار نرخەکان دابەزێنێت، جگەلەمە رۆژ بەڕۆژ زیاتر لە جاران وزەی جێگرەوە و وزەی پاک جێگەی وزەی پشتئەستوور بە نەوت دەگرێتەوە. 

بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە ئاستی پشتبەست بە سەرچاوەکانی وزەی پاک لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢١ نزیکەی ١٣% گەشە دەکات کە سەرووی ئەو رێژەیەیە پێشتر پێشبینی کرابوو و گرنگترین هۆکارەکەشی بریتییە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و چین و هند و مەکزیک بۆ ئەو پڕۆژەیە.



ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی وزەی پشتئەستوور بە با و تیشکی خۆر بەراورد بە ساڵێک پێشتر ١٥% گەشەی کرد و ئاستی تواناییەکەی گەیشتە ١٥٣ گیگاوات.

سه‌رچاوه‌: ویکیپیدیا-livechart- رادیۆ فردا


وشە - سلێمان تاشان