هەڵکەندنی بیر بەڕێگەی نایاسایی خەریکە دەبێتە دیاردە و بەشێک لەهاووڵاتییان بێ گوێدانە ڕێنماییەکان بیر هەڵدەکەنن و ئەوەش زیانی زۆر بە ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنێت. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەکات کە تیمەکانیان دەستیان بەسەر کۆمەڵێک ئامێری نایاساییدا گرتووە.
عەقید هێمن کەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان لە ئەرکەکەیاندا چالاکن و ڕێگە نادەن بەهیچ شێوەیەک سەرپێچیکاران زیان بەسروشت و ژینگەی کوردستان بگەیەنن. بۆیه مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی و هەردوو بنکەی بەکرەجۆ و سیتەک توانیان لەهەڵمەتێکی گەڕان و بەدواداچووندا لەماوەی یەک هەفتە دەست بەسەر ١٤ ئامێری بیرهەڵکەندنی سووریدا بگرن.
بەگوێرەی راگەیاندنەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ "وشە" نێردراوە، هەموو ئەو ئامێرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی کراون و داواشی لە هاووڵاتیان کردووە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی پۆلیسی دارستان لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان .