نێچیرڤان بارزانی: دەرگەی گەیشتن بە چارەسەری لەگەڵ بەغدا كراوەتەوە

:: AM:11:41:09/10/2016 ‌
ئەمڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، كۆنفرانسی پەرەپێدانی ئابووری دەستی پێ كرد و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كودستانیش لە وتارێكدا باسی لە گرنگیی كەرتی تایبەت كرد. 

نێچیرڤان بارزانی لە دەستپێكی وتارەكەیدا گوتی لە سایەی كەرتی تایبەت سەرەڕای ئەو تەنگژە دارایییەی تووشی هەرێمی كوردستان بووە، هێشتا لە كوردستان ئابووری لە جووڵەدایە.

بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، ئەگەر حكوومەتی عێراق بودجەی كوردستانی نەبڕیبایە، داعش نەهاتبایە عێراق و ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە رووی لە كوردستان نەكردبایە و نرخی نەوتیش دانەبەزیبایە، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر باشتر دەیتوانی هاوكاری كەرتی تایبەت بكات و ببێتە خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزتر.

ئەو دانی بەوە نا حكوومەتیش كەم و كورتی هەبووە. فرەمووچەیی، زیادەڕۆیی لە دامەزراندن و كێشەكانی كارگێڕی و كارگێڕی دارایی كاریگەریی خراپیان بۆ سەر دۆخەكە هەبووە و راستە تەنگژەكە گەورەیە، بەڵام دەرفەتێكی زێڕینە بۆ چاكردنەوەی سیستەمی داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی چاكسازی.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەو هاوكارییانە كرد كە حكوومەت و بانكی نێودەوڵەتی بۆ پێشخستنی كەرتی تایبەت دەستیان پێ كردووە. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە 47 ملیار دۆلار لە كوردستان وەبەرهێنان كراوە و زۆرترین بڕی وەبەرهێنانیش لە كەرتەكانی پیشەسازی، نیشتەجێبوون و گەشتیاریدا بووە و هەر ئەوەش وای كرد داهاتی تاك لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2013 بەرێژەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە دوایین كۆبوونەوەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و گوتی، دەرگەی تازەی گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان كراوەتەوە و هیواخوازن بتوانن سەرجەم كێشەكان لەگەڵ بەغدادا چارەسەر بكەن. 

پێویستە بگوترێت بڕیارە كۆنفرانسەكە دوو رۆژ بخایەنێت و لە چەندان پانێلی جیاوازدا بازرگان و خاوەنكارانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەت بكەونە تاوتوێی كێشە و پرسە ئابوورییەكان.

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان