نیمار: بەهۆی یاریزانێک ناتوانم خەڵاتی بالۆن دۆر بەدەست بێنم

:: AM:10:34:16/05/2017 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یەكێك لە خەونەكانی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆڕە وەك باشترین یاریزانی جیهان، بەڵام لە ئێستادا یاریزانێكی ژمارە یەك هەیە ئەو شایستەی بردنەوەی خەڵاتەكەیە.

نیمار لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ رۆژنامەی (فڕانس فوتبۆڵ)ی فڕەنسی گوتی: هەموو یاریزانێك خەونی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆڕی هەیە و منیش وەك هەر یاریزانێك ئەم خەونەم هەیە، ئەوەی ئێستاش دەمەوێ ئەوەیە كە لەتەك باشترین یاریزانی جیهان یاریی بكەم كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییە.

زیاتر گوتی: ئێستا میسی یاریزانی ژمارە یەكە لەسەر ئاستی جیهان و هەر ئەویش شایستەیە خەڵاتی باڵۆن دۆڕ بباتەوە.

نیمار هەروەها گوتی: لە راستیدا هیچ پەلەم نییە بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆڕ، رۆژێك دێت دەگەمە لووتكە، بەڵام ئەو وادەیە هێشتا نەهاتووە.

نیمار ئاماژەی بەوەشدا كە سەركەوتنی یانەی بەرشەلۆنە بەئەنجامی 6-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی یەكێكە لە گەورەترین یادگارییەكانی وەك یاریزانێكی پیشەگەر.

لەو یارییەدا نیمار رۆلێكی سەرەكی گێڕا لە سەركەوتنی یانەی بەرشەلۆنە كە تێیدا 2 گۆڵی تۆمار كرد و 3 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كرد یەكێك لەو گۆڵانەش لە خولەكانی كۆتایی بوو.

كاپتنی هەڵبژاردەی بەڕازیل گوتی: ئەو یارییە یەكێكە لە گەورەترین یادگارییە وەرزشییەكانم و هەتا لە ژیاندا مابم لە بیرم ناچێتەوە. جەختیشی كردەوە كە تا دوا خولەك بڕوای وابوو دەتوانن بگەڕێنەوە و سەركەوتن بەدەست بێنن.

جێی باسە ئەو یارییە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بوو، یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی چووندا لە شاری پاریس بە 4 گۆڵی بێ وەڵام دۆڕا بوو، بەڵام لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 6-1 گۆڵ بردییەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكە، دواتریش لەم قۆناغەدا بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دۆڕا.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م