زانیاری تازە لەسەر ڕێژەی ناوچە ئازادكراوەكانی ناو مووسڵ

:: PM:01:21:16/05/2017 ‌

فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی سەر بەوەزارەتی بەرگریی عێراق، ڕێژەی ناوچە ئازادكراوەكانی شاری مووسڵ ئاشكرا دەكات.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی عێراق لە زاری عەمید یەحیا ڕەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان ڕای گەیاند، ڕێژەی ئازادكردنی بەری چەپی مووسڵ 100%ە، هاوكات ڕێژەی ئازادكردنی بەری ڕاست زیاتر 89%یە.

ئاماژەی داوە، تا تەواوی ئازادكردنی خاكی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش پرۆسەكان بەردەوام دەبێت.

لە 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016دا جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد، ئەویش پاش ئەوەی داعش لە حوزەیرانی 2014 تەواوی شارەكەی داگیر كرد.

هاوكات لە 24ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ توانرا تەواوی بەری چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوبات/فێبرایەریش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامی هەیە و چەندان گەڕەك كۆنترۆڵ كراونەتەوە و تەنیا شەش گەڕەك و ناوەندی مووسڵی كۆن بەدەستی داعشەوە ماون.



وشە - سیروان