"بەغدا مەرج دادەنێت"
ئەمساڵ پسوولەی خۆراك بەمەرج دەدرێتە هاووڵاتییان


بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە مانگی شەش (حوزەیران) پسوولەی نوێی خۆراك بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی ئایار/ مایۆ، نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، بڕیارە لە مانگی حوزەیراندا پسوولەی نوێی خۆراك بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا دابەش بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دابەشكردنی خۆراك بەرێوە چووە.

زیاتر گوتی، رێنوێنییەكانی دابەشكردنی پسوولەی نوێی خۆراك لە بەغداوە دادەنرێت و بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، بەڵام زۆر جار پێوەی پابەند نابین بەهۆی ئەوەی وا دەكات بەمەرج پسوولە بە هاووڵاتیان بدرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، ئەمساڵ مەرج دانراوە كە پێویستە ئەو هاووڵاتییەی پسوولەی خۆراك وەردەگرێت كارتی نیشتمانی هەبێت یان نفووسەكەی نوێ بێت، بەڵام لە پارساڵدا پابەندی ئەو مەرجانە نەبووین و تا ئێستە مەرجەكان بۆ ئەمساڵ دیار نییە.

ئاماژەی دا، كە هیچ گۆڕانكارییەكی لە پسوولەی نوێی خۆراكدا نییە و رەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا رێنوێنی دابەشكردنەكەی لە بەغداوە بگاتە كوردستان.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان نیگەرانن لە ناردنی بەشێكی كەمی خۆراك  و پێویستی لەلایەن بەغداوە و هیچ قەرەبوو كردنەوەیەكیش لەوبارەیەوە لە ئارادا نییە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:07:02:16/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 17557 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌