دەزگەی كەشناسی عێراق بڵاوی كردووەتەوە كە ئەگەری بارینی باران لە چەند ناوچەیەكی عێراق و كوردستان هەیە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێ كە شەپۆڵەكە لاوازە.
ئەمڕۆ سێشەم 16ی ئایار/ مایۆ، ئەژی چەتۆ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆڵەی لە وڵاتی توركیا ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەگەری بوونی پەلە هەور لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان هەیە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كەشناسی دەڵێت، بارینی باران ئەگەرێكی لاوازە و سبەی چوارشەم ئاسمانی هەولێر و سلێمانی ساماڵ دەبێ، هاوكات ئاسمانی دهۆك ساماڵ و پەڵە هەور و ئاسمانی كەركووكیش ساماڵ دەبێت و ئەگەری بوونی تۆزێكی سووك لە هەندێك كات لە ئارادایە.
ئەژی زیاتر گوتی، پێشبینی دەكرێت بەرزترین پلەی گەرما لە رۆژی چوارشەم لە كەركووك تۆمار بكرێت بە پلەی ٣٩ بەرزترین پلەی گەرمیش لە هەولێر ٣٦ و لە سلێمانیش ٣٤، لەو كاتەی لە دهۆك ٣٤ دەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگەی كەشناسی عێراق بڵاوی كردەوە سبەی لەچەند ناوچەیەكی عێراق باران دەبارێت و هەورە تریشقەش دەبێت.