تاوەرەكانی گەیاندن زیانی تەندروستی و ئابوورییان بۆ هاووڵاتییان هەیە

:: AM:10:02:17/05/2017 ‌

لە زۆر گەڕەكی هەولێر، لە ئێوارانی دوای تاریكبوونی ئاسمان، بچیتە سەربانی ماڵ یان باڵەخانەیەك، بە ئاسانی دەتوانی رووناكیی سووری سەر 15 بۆ 20 تاوەر بژمێریت، تاوەرەكان شەپۆلی تۆڕەكانی ئینتەرنێت و مۆبایلی كۆمپانیا جیاجیاكان پەخش دەكەن، سەربانی ماڵ و باڵەخانەیان بۆ تاوەرەكان بە كرێ گرتووە. بوونی تاوەر خەڵك دەترسێنێت و نرخ دادەبەزێنێ، بەڵام لایەنی پێوەندار "بێ كێشە" دەیبینێ.

كاروان رەزا، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن، بە"وشە"ی راگەیاند، ژمارەی ئەو تاوەرانەی شەپۆلەكانی ئینتەرنێت و مۆبایل پەخش دەكەن دیاریكراو نییە، ئەمەش بەهۆی زۆریی ژمارەی كۆمپانیاكانەوە، هاوكات مەرج نییە كۆمپانیاكان بۆ دانان و جێگیركردنی هەر تاوەرێك مۆڵەت وەربگرن، بەڵكو مۆڵەتی كاركردن بۆ ئەو ناوچەیەی دەیانەوێت تاوەرەكانی تێدا دابنێن وەردەگرن و ئەوانیش پێوەندی بە دامەزراوە پێوەندیدارەكانی ناوچەكەوە دەكەن و لاری نەبوونی وەزارەتەكەیان پێ رادەگەیەنن.

ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەی تاوەرەكان نەك لە كەمبوونەوە نییە، بەڵكو لە زیادبوونی بەردەوامدایە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكان لەسەر داواكاریی هاووڵاتییان، بەردەوام تاوەری نوێ بۆ ناوچە دوورەدەست و گوندەكان دابین دەكەن، بە مەبەستی گەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییانە پێیان.

بەڕێوەبەری پۆستە و گەیاندن روونی دەكاتەوە، تەنیا شوێنێك كە دانانی ئەو تاوەرانەی تێدا قەدەغە بێت، سەربان و حەوشی نەخۆشخانە و قوتابخانەكانە، لە رابردوودا لەو دوو شوێنەش ژمارەیەك تاوەر دانرابوون، بەڵام ئێستە زۆرینەیان لا براون و تاك و تەرا هەندێكیان ماون، لە شوێنەكانی تر بەگوێرەی رێككەوتنی كۆمپانیاكەی گەیاندن و خاوەنی موڵكەكە، تاوەر جێگیر دەكرێت و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لایەنێك نییە لە رێككەوتن و گرێبەستی نێوانیان.

"ئێستە بەشێك لە كۆمپانیاكان هەوڵی دابینكردنی فایبەر و هێڵەكانی ژێرخاك دەدەن، ئەمەیان بەراورد بە تاوەرەكان زیانی كەمترە، دەتوانرێ بۆ هەرسێ خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت، تەلەڤزیۆن و تەلەفۆنی ماڵان كەڵكی لێ وەربگیرێت، بەڵام بۆ مۆبایل هەر پێویست بە تاوەر دەكات". رەزا وای گوت.

لای خۆیەوە خاڵس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە"وشە"ی راگەیاند، وەزارەت هیچ دەزگە و ناوەندێكی تایبەت بە توێژینەوەی زانستیی نییە تا هەستێت بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر بابەتە زانستییەكان و كاریگەرییان بخاتە ڕوو، بەڵكو زیاتر پشت بە توێژینەوە جیهانییەكان دەبەسترێت.

ئەوەشی گوت "دانانی تاوەرەكانی گەیاندن، ئەگەر بەگوێرەی رێنوێنییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و رێكخراوی جیهانی بۆ كاریگەریی شەپۆلەكان بێت، زیانی كەمتر دەخاتە سەر تەندروستیی مرۆڤ، كە سەرجەم ئەو رێنوێنییانە لای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هەن و بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەوان بەپێی ئەوە مۆڵەت دەدەن بە كۆمپانیا، هەرچەند تا ئێستەش لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە ئەوەی تێدا سەلمێنرابێت بەهۆی كاریگەریی ئەو تاوەرانەوە كەسێك نەخۆش كەوتبێت.

"بڕیاری پێدانی مۆڵەت بۆ دانانی ئەو تاوەرانە لە دەسەڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە، تەندروستی تەنیا لەو حاڵەتانەدا كە داوای لێ دەكرێت، بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو لەبارەی گونجاوی یان نەگونجاویی ئەو شوێنەی بۆ دانانی تاوەرەكە پێشنیاز كراوە، بەڵام دوابڕیار وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەیدات". خاڵس قادر وای گوت.

سەلام فەقێ كەریم خاوەنی كۆمپانیای عەقارات حاجی سەلام، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو كەسانەی سەربانی خانوو یان باڵەخانەكەیان بە كرێ دەدەن بۆ دانانی تاوەر، بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان كۆمپانیاكە كارەبای 24 سەعاتی بۆ دابین دەكات و بەشێوەیەكی گشتیش، مانگانە 500 تا 700 دۆلار وەك كرێ دەداتە خاوەن موڵكەكە.

ئەوەشی گوت، خواستی هاووڵاتییان لەسەر ئەو جۆرە مامەڵەیە كەمە، چونكە بەگوێرەی زانیارییەكان بوونی ئەو تاوەرانە لە سەربان، كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر تەندروستیی نیشتەجێبووانی ماڵەكە هەیە، بۆیە هاووڵاتییان تەندروستیی خۆیان بە پارە نافرۆشن، ئەو خانووانەشی تاوەریان لەسەر دانراوە، زۆرینەیان بە كرێ دراون و خاوەن موڵك خۆی تێیدا ناژی.

"دانانی تاوەر كاریگەریی بەرچاو لە نرخی خانوو و باڵەخانە دەكات، هەم بۆ بە كرێدان و هەمیش بۆ فرۆشتن، نەك هەر بۆ ئەو خانووەی تاوەرەكەی لەسەرە، بەڵكو نرخی خانووەكانی دەوروبەریشی دادەبەزێنێ، خەڵك تا بۆیان بكرێت ئەو خانووانە بە كرێ ناگرن و نایانكڕن، ئەگەر كەسێك خانوویەكی لەو جۆرە بكڕێت، بۆ كڕینی مەرجی ئەوە دادەنێت تاوەرەكە لا ببرێت، بۆ كرێ، ئەگەر خانووەكە خۆی مانگانە 500 دۆلار بكات، لە ئەگەری بوونی تاوەر لە سەربانەكەی، كرێكەی بۆ 300 دۆلار دادەبەزێ" حاجی سەلام وای گوت.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، بەگوێرەی گرێبەستی كۆمپانیا و خاوەن موڵك، رێگە بە دانانی تاوەر دەدرێت، بەڵام لە حاڵەتی ناڕەزایی دراوسێ، رێگری لێ دەكرێت.

ئەوەشی گوت، لە دەسەڵاتی قایمقامیەتدا نییە رێگری لە دانانی تاوەر بكات، بەڵام ئەوان بەهۆی پێوەندیی پێگەی دامەزراوەكەیان بە بابەتەكە و بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئەگەر دراوسێكانی ئەو خانوو یان موڵكە داوا بكەن، رێگری لە دانانی دەكەن، بەڵام ناتوانن هەستن بە لابردنی تاوەرێك كە ماوەیەكی زۆر بەسەر دانان و كاركردنیدا تێپەڕ بووبێت.

دانانی ئەو ژمارە زۆرەی تاوەری گەیاندن لە سەربانی خانوو و باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون، لە كاتێكدایە بەگوێرەی یاساكان، لە كوردستانیش موڵكی نیشتەجێبوون جیاوازە لە موڵكە بازرگانی و پیشەسازییەكان و ناكرێت خانوویەكی نیشتەجێبوون بۆ مەبەستی بازرگانی بەكار بهێنرێت، ئەمەش چونكە لە ناوچە و گەڕەكێكی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان دروست كراوە و باجی شوێنە بازرگانییەكان نادات بە حكوومەت.



وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی