دەرهێنەرێكی ئەمریکی كار بۆ كوردستان دەكات

:: AM:10:32:17/05/2017 ‌

دەرهێنەر و شانۆكاری كورد ئیحسان عوسمان لە نوێترین كاری هونەری لەگەڵ دەرهێنەرێكی جیهانی بەناوی " رۆبەرت ویلسن"، دەردەكەوێت و كار بۆ بەرهەمە نوێیە دەكەن. 

ئیحسان ئەمڕۆ چوارشەم بە"وشە"ی راگەیاند: لە نوێترین كارم وەك ئەكتەر بەشداری دەكەم لە كارێكی دەرهێنەری ناسراوی جیهانی ئەمەریكی رۆبەرت ویلسن، ئەو بەرهەمە بەناوی "بورجی بابل"ە، لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە لە گفتوگۆداین تا كارێكی شانۆیی لەسەر كورد بكەین كە نزیكەی 500 هەزار دۆلاری دەوێت، ڕەنگە لەگەڵ شانۆی نەتەوەیی ئەڵمانیا كار بۆ ئەو شانۆگەرییە بكەین كە تا ئێستە ئەو دەرهێنەرە هیچ كارێكی هونەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام نەداوە .

ئەو دەرهێنەرە جیهانییە لەبارەی كوردەوە بۆ "وشە" ئاماژەی دا: پێشتر هیچ زانیارییەكم لەسەر نەتەوەی كورد نەبوو و من خەڵكی تكساسم، بەڵام لە ڕێی ئیحسانەوە كەمێك زانیاریم لەبارەی كورد وەرگرتووە، بەڕای من میلەتان لە ڕێی كولتوورەوە دەتوانن زیاتر یەكتر بناسن.

ئیحسان چۆنیەتیی كاركردنی لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە شی كردەوە و گوتی: كاركردن لەگەڵ رۆبەرت ویلسن كە بەخانی شانۆی هاوچەرخ دەژمێردرێت كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر خەون و هیوای گەورەت هەبێت، دەبێت هەوڵەكانیش گەورە بن و بێ ئومێد نەبین.

دەرهێنەری ناوبراو پڕۆژەكەی لەسەر بورجی بابلە و چیرۆكەكەی لە تەورات و ئینجیلدا هەیە كە كاتی خۆی بورجی بابل دروست كرا تا شەڕی خوای پێ بكرێت، بەڵام بورجەكەیان تێك درا. ئیحسان گوتی بۆ منیش وەك هونەرمەندێكی كورد، جێگەی شانازییە كە بتوانم كار لەگەڵ دەرهێنەرێكی وەك رۆبەرت ویلسن بكەم و بڕوای پێ بهێنم كە كارێك لەسەر كوردستان بەیەكەوە بكەین.

شایەنی باسە ئیحسان عوسمان دەرهێنەر و شانۆكارێكی كوردی دانیشتووی ئەڵمانیایە و تا ئێستە كاری بۆ چەندان بەرهەم كردووە بەزمانە جیاوازەكان .

وشە/ شاخەوان شێخانی



وشە - تایبه‌ت