بەرشەلۆنە رەتی كردەوە لەگەڵ ئەم راهێنەرە رێككەوتبێت

:: AM:11:32:17/05/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رەتی كردەوە لەگەڵ ئیرنستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی ئەتلەتیك بیلباو رێككەوتبێت بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ئەركی راهێنەرایەتیی یانەكەیان وەربگرێت.

رۆبەرت فێرناندیزی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: گرینگترین شت لە ئێستادا ئەوەیە یانەكەمان ببێتە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا، تا ئێستاش نازانین كێ دەبێتە راهێنەری وەرزی داهاتووی یانەی بەرشەلۆنە.

زیاتر گوتی: بۆ دیاریكردنی راهێنەرێك لە شوێنی لویس ئێنریكی پەلەمان نییە و كاتێكیش وادەی خۆی هات بڕیارەكە رادەگەیەنین.

بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە جەختیشی كردەوە كە وەك رێزێك بۆ ئێنریكی، تا تەواوبوونی سەرجەم یارییەكانی ئەم وەرزە ناوی راهێنەری وەرزی داهاتوومان ئاشكرا ناكەین، هەروەها پێشتان رادەگەیەنم كە تا ئێستا بەتەواوی لەگەڵ هیچ راهێنەرێك رێك نەكەوتووین.

جێی باسە لەچەند رۆژی رابردوودا رۆژنامەكانی ئیسپانیا رایان گەیاندبوو كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە رێككەوتوون لەسەر دیاریكردنی راهێنەری وەرزی داهاتوویان و ڤالڤێردی راهێنەری یانەكەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م