داعش 350 دۆنم گەنمی چێنراوی سووتاند

:: AM:11:37:17/05/2017 ‌


سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی ئاشكرای كرد، هێزە سەربازییەكانی عێراق سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پرۆسەیەكی سەربازییان بۆ پاككردنەوەی گوندەكانی حەوزی حەمرین لە چەكدارانی داعش لە پارێزگای دیالە دەست پێ كردووە، تیرۆریستانی داعشیش بە هاوەن گوندەكان بۆردمان دەكەن و 350 دۆنم زەویی بە گەنم چێنراویشیان سووتاندووە.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی عێراق (نینا) لە زاری سەرچاوەیەكی تەناهییەوە بڵاوی كردەوە، پرۆسەكە بۆ پاككردنەوەی گوندەكانی (سەرحە و عەین لەیل و ئنكانە و جسر نارین و قەرەتەپە)یە لە چەكدارانی داعش.

هەروەها گوتی، لە هەمان كاتدا ڕێكخراوی داعش بەهاوەن بۆردمانی گوندی (موبارەك فەرحان)یان لە سنووری نێوان پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین كردووە و بەو هۆیەوە یەكێك لە ئەندامانی حەشدی عەشایەری بریندار بووە، هاوكات 350 دۆنم زەویی چێنراو بە گەنم سووتاوە.

جێگەی ئاماژەیە هەینی ڕابردوو سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی ڕای گەیاند، هێزە سەربازییەكانی عێراق پرۆسەیەكی سەربازییان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە دژی شانە نوستووەكانی داعش دەست پێ كردووە و لە دوو میحوەرەوە بەئاراستەی حەوزی حەمرین تا گوندەكانی شارەدێی قەرەتەپە، دژی شانە نوستووەكانی داعش كردەگەلی سەربازی ئەنجام داوە.

پارێزگای دیالە لە دوای ساڵی 2003وە بووەتە ناوەندی جەنگێكی تایفی نێوان سوننە و شیعە، لە دوای ساڵی 2014 و هاتنی داعش بۆ پارێزگاكە و دەستبەسەراگرتنی چەند شار و شارۆكەیەك، دۆخێكی تەناهیی نائارام ئەو پارێزگایەی گرتەوە، ئێستەش دوای دەركردنی داعش لەو پارێزگایە، شانە نوستووەكانی داعش دەستیان كردووەتەوە بەچالاكی.



وشە - سیروان