مەگەر خوا بزانێ داهاتی سلێمانی كێ دەیبات
ئەنجوومەنی پارێزگا سەری سڕماوە لە نادیاری داهاتی پارێزگاكە

:: PM:01:55:26/10/2016 ‌

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنن، هیچ زانیارییەكیان لەبارەی چۆنیەتیی كۆكردنەوە و بەكارهێنان و خەرجكردنی داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی نییە، لە كاتێكدا سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجوومەنەكە ئاشكرای دەكات، بەبێ‌ داهاتی مەرزەكان و بەرهەمەكانی نەوتی و گواستنەوەی نەوت بە تانكەر، داهاتی مانگانەی شارەكە 70 ملیار دینار دەبێت.

غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، زۆرجار لە راگەیاندنەوە دووپات لەوە دەكرێتەوە كە داهاتی پارێزگای سلێمانی رەوانەی هەولێر ناكرێت، "لەگەڵ ئەوەش كەس نازانێت چۆن داهاتی سلێمانی خەرج دەكرێت و چی لێ‌ دەكرێت".

غالب محەمەد كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە، زیاتر دەڵێ‌، "داهاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی بەبێ‌ داهاتی گومرگ و بەرهەمەكانی نەوتی و گواستنەوەی نەوت بە تانكەر، 70 ملیار دینارە، بەڵام  ئێمە ئاگامان لە چۆنیەتیی كۆكردنەوە و خەرجكردنی داهاتەكە نییە".

ئەو روونی كردەوە، "ئەنجوومەن تا ئێستە ئاگەداری ئەوە نییە داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ كوێ دەڕوات، ئەگەر ئەو داهاتانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی ناكرێت، كەواتە لە پارێزگای سلێمانییە، ئاگاداری ئەوەش نین ئەو پارەیەی كە دەڕواتە گەنجینەی یەك و دووی سلێمانی چۆن و بە چ میكانیزمێك خەرج كراوە یان خەرج دەكرێت".

بەپێی بڕگەی دووەم و سێیەم لە مادەی 27 و مادەی هەشتەم لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگاكان راسپاردەكانی خۆی بۆ رێكخستنی كاروباری كارگێڕی و دارایی و چاككردنی خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بكات و ئاگاداری داهاتی پارێزگا بێت، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ زانیارییەكی لەبارەی داهاتی شارەكەوە نییە.

مەهدی مەحموود، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری و سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "گەورەترین كێشەی پارێزگای سلێمانی ئەوەیە كە تا ئێستەش نازانرێت داهاتی پارێزگا و خاڵە سنوورییەكان چەندە و چۆن كۆ دەكرێتەوە و چی لێ دەكرێت".

مەحموود زیاتر دەڵێ‌، "داهاتی سلێمانی ناشەفافە، تا ئێستە وەك ئەنجوومەن زانیاریی وردمان لەسەر داهاتی سلێمانی نییە".

هاوكات بەختیار عەبدوڕەحمان، قایمقامی ناوەندی شاری سلێمانی بێ ئاگایی خۆی لەبارەی چۆنیەتیی كۆكردنەوە و بڕی داهات و خەرجكردنی داهاتی سنوورەكە دەردەبڕێ‌ و بە "وشە" دەڵێ‌، "ئێمە بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەوە نین، چونكە پارەی باجەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكان كە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، دەچێتەوە گەنجینەكانی شارەكە".

داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی لە داهاتی گومرگی مەرزەكان، باج و گومرگی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و داهاتی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە ناوخۆیییەكان و بەرهەمەكانی نەوتی و گواستنەوەی نەوت بە تانكەر پێك دێت.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە نووسراوێكدا كە بۆ ئەنجوومەنەكەی بەرز كردووەتەوە، دەڵێ‌ "وامان زانیوە تا ئێستە هەموو داهاتی سلێمانی بە داتا دەڕوات بۆ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێچەوانەوەیە، ئەگەر لە پارێزگای سلێمانییە، بۆ ئێمە تا ئێستە نەمانبینیوە چۆن خەرج كراوە و لە چ پڕۆژەیەك خەرج دەكرێت، چۆن ئاگادار نەكراوینەتەوە وەك ئەنجوومەن؟".

لای خۆیەوە زیاد كاكەڕەزا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە"وشە"ی گوت، ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو (چواری تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر)، لە كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچوونی داهاتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی داوە، بەڵام تا ئێستە هیچ كۆبوونەوەیەكیان لەوبارەیەوە نەكردووە.

بەڵام دانا جەزا ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە"وشە"ی راگەیاند، "تا ئێستە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هیچ لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون بە داهاتەكان پێك نەهاتووە".

لەبارەی ئەو لیژنەیەی كە سێشەمی پێشوو بڕیاری لەسەر دراوە، جەزا دەڵێ: "ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكی بچووك دراوە، تا ئێستە هیچ فەرمانێكیشی لەسەر دەرنەكراوە و تەنیا قسەیە، دەبوو لیژنە هەمیشەیییەكانی ئەنجوومەن لێی ئاگەدار بێت و بەوان بسپێردرێت".
"ئەگەر هەموو فەرمانگە و دەزگەكانی سنووری كارگێڕیی سلێمانی هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگادا بكەن، تا ڕادەیەك دەتوانین لە داهاتوودا بزانین چی لە داهاتی ئەم سنوورە دێ"، دانا جەزا وای گوت.

كوردۆ شابان- هۆشیار عەلی


وشە - تایبه‌ت