فه‌ره‌ج فۆده بیرمه‌ند و نووسه‌ری ڕه‌خنه‌گری ئیسلامی، پێش 25 ساڵ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئێران له ناوچه‌كه‌دا سیاسه‌تی خۆی ده‌سه‌پێنێ و وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كاته گێژاوی ناسه‌قامگیری و وێرانكاری، پێش ئه‌وه‌ی خۆی بگاته سه‌ری و به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ پاوانخوازییه‌كانی ئه‌نجام بدات.
ئه‌و بیرمه‌نده میسڕییه كه ساڵی 1992 به‌هۆی بۆچوونهكانییهوه له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه تیرۆر كرا، له زنجیره‌یه‌ك لێدواندا كه ته‌له‌ڤزیۆنی توونس له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی داوه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كۆمه‌ڵێك به ناوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" دێن و وێرانكاری ده‌كه‌ن و ته‌واوی ئه‌و ورده‌كارییه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی باسی ده‌كات، یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كه خۆیان به ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناوزه‌ند كردووه.
فۆده له‌و دیمانه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌دا ده‌ڵێ، وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ونه ژێر هه‌ژموونی ئێرانی و لبنانییه‌وه، له ئێران كۆمه‌ڵێك به ناوی شۆڕشی ئیسلامییه‌وه به قۆستنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كانی وڵات، حكوومه‌تیان ڕووخاند و دواتر به هه‌ڵمه‌تێكی له‌سێداره‌دان، ئه‌وه‌ی دژیان وه‌ستایه‌وه هه‌ڵیده‌واسن و هه‌میشه ته‌نگژه له‌سه‌ر ته‌نگژه دروستی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانیان به ئاسانی بكه‌وێته ژێر ده‌ستیانه‌وه. نموونه‌ی لبنان ئه‌وه‌یه، جیاوازیی مه‌زه‌وی و نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كان بقۆزیته‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكاری شه‌ڕی ناوخۆ دروست بكه‌یت، به‌م شێوه‌یه ده‌بێته پاروویه‌كی ئاسان بۆ ئه‌و هێزه‌ی ده‌یه‌وێ په‌لاماری بدات.
فۆده كه خاوه‌نی چه‌ندان كتێبی ڕه‌خنه‌یییه له‌سه‌ر ڕه‌وته ئیسلامییه‌كان و به خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز مێژووی ئیسلامی شی كردووه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌وانه‌ی به ساخته هاتوونه‌ته ناو ئیسلام، وشه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌هێننه كایه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌وان نه‌بێ، تاڵانی ده‌كه‌ن و ده‌یسووتێنن و پیاوانی ئاینیی میانڕه‌و ده‌كوژن، چونكه ئامانجیان به‌رزكردنه‌وه‌ی ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامه و ده‌ڵێن له پێناو خوادا ئه‌م كارانه ده‌كه‌ین، بۆیه منداڵ و مێردمنداڵ ده‌كه‌ن به سه‌رباز كه به ئاسانی ده‌توانن مێشكیان پڕ بكه‌ن له‌و بیره توندڕه‌وه شه‌ڕخوازییه تا ده‌بنه بكوژ به ناوی ئاینه‌وه.
ئه‌م گرووپه ئیسلامییانه، ده‌مارگیریی ئاینی و تیرۆریان كردووه به چه‌ك بۆ خۆیان و دژی ئه‌وانه ده‌جه‌نگن كه برایانن و هاونیشتمانیان، گه‌نجان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن كه به ته‌واوی ئینتیمای بۆ نیشتمانه‌كه‌ی نه‌مێنێ، ته‌نیا ئینتیمای بۆ گرووپه‌كه‌یان هه‌بێ.
فه‌ره‌ج فۆده له‌لایه‌ن تیرۆریستێكه‌وه كوژرا، كاتێك دادگایی كه‌سه‌كه كرا كه گرووپێكی ئیسلامیی میسڕی دنه درابوو، دادوه‌ر لێی پرسی تۆ چۆن زانیت ئه‌و كه‌سه كافره؟، ئایا هیچ كتێبێكیت خوێندووه‌ته‌وه؟، كه‌سه‌كه له وه‌ڵامدا گوتی، من هیچ شتێكی ئه‌وم نه‌خوێندووه‌ته‌وه و ناشزانم چۆن بیری كردووه‌ته‌وه، ته‌نیا وێنه‌كه‌یان پیشان دام و ناونیشانه‌كه‌یان دامێ، گوتیان ئه‌وه كافرێكه و دژی ئیسلام ده‌دوێ و بیكوژه.