سوود و زیانەکانی مۆبایلی زیرەک بۆ منداڵان

:: PM:01:58:26/10/2016 ‌

منداڵانی ئەم سەردەمە، هەر کە لەدایک دەبن چاویان بە مۆبایل و ئامێرە دیجیتاڵییەکان دەکرێتەوە. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە  کە ئەو ئامێرانە سەرەڕای ئەوەی کە کاریگەرییان هەیە لە خێراتر فێرکردنی منداڵان لە کورتخایەندا، کەچی لە درێژخایەندا کاریگەری خراپ دەخەنە سەر گەشەکردنی پەروەردە و هزری منداڵ.

دایک و باوکانی ئەم سەردەمە بەلایانەوە شتیکی سەیرە منداڵەکانیان لە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و ئامێرەکانی تری تەکنەلۆجیای سەردەم لە خۆیان بەتواناترن.
لە ئەمریکا لە هەر چوار منداڵی خوار تەمەن هەشت ساڵ یەکێکیان بە بەردەوامی مۆبایلی زیرەک بەکاردێنێت. ئامارەکان ئەوە دەردەخەن لەو خێزانانەی کە باری داراییان باش نییە ٧٥%ی منداڵەکان مۆبایلی زیرەکیان هەیە.

بە گوێرەی توێژینەوەەیەکی نوێ تەکنەلۆجیای نوێ لە فێرکردنی رەنگەکان و ئەندازەکان و چەمکەکان یارمەتییەکی زۆری منداڵان دەدات بەو مەرجەی دایک و باوکان چاودێری فێرکردنەکە بکەن و ئەگەر دایکێک لەگەڵ منداڵەکەی کتێب بخوێنێتەوە یان سەربەستی بکات لەوەی لە چێشتخانە گەمە بکات یان لە حەوش خەریکی باخچە و یاریکردن بێت لەوانەیە کاریگەریی فێرکردنەکە زیاتر بێت.

توێژەرێک دەڵێت مێشکی منداڵ لە تەمەنی سێ ساڵی ناتەواوە و زۆر زەحمەتە بۆ ئەو ئەو شتانەی لەسەر شاشە دەیبینێت لەگەڵ ژیانی راستەقینە بەراوردی بکات.

منداڵان لە دروستکردنی پێوەندی نێوان وێنەکان و دیمەنە راستەقینەکان کێشەیان هەیە و زیاتر وا دەردەکەوێت کە ئایپاد و مۆبایل بۆ منداڵان وەکوو نیشتیمانێکی سەیر و سەمەرە بێت نەک هێمایەک بۆ جیهانی راستەقینە.
لە کورتخایەندا ئامێرەکانی ئایپاد و مۆبایل منداڵان خێرا فێری شت دەکەن، بەڵام لە درێژخایەندا کاریگەری دروست ناکەن.

گرنگ نییە پێش ئەوەی منداڵ بچێتە قوتابخانە هەموو ژمارەکان بناسێت. پسپۆڕان لەسەر ئەو باوەڕەن گرنگتر لەمە ئەوەیە منداڵان بتوانن دەرکی دۆخەکە بکەن و و دەورووبەری خۆیان بناسن، چونکە جیهانی داهێنان و زیرەکی بە ئەپلیکەیشن دەستەبەر نابێت بەڵکو لە جیهانێکی راستەقینەی منداڵانەوە بەدی دێت کە هەڵگری تەنگژە و رووبەڕووبوونەوە و دووفاقی بێت.

ئەو منداڵانە لە رەوشت و هەڵسوکەوتیاندا کێشەیان هەیە زیاتر خۆیان بە ئامێرەکانی مۆبایل و دیجیتاڵ خەریک دەکەن و مەترسی گەورە ئەوەیە ئەو منداڵانە هەرگیز نەتوانن خۆیان لەگەڵ جیهانی واقیعی بگونجێنن.

یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی سودوەرگرتنی ئەو ئامێرانە لای منداڵان بریتییە لە کەمخەویی و قەڵەوی. کاتێک منداڵ قەڵەو دەبێت لە جیهانی راستەقینەش زیاتر دوور دەکەوێتەوە و تەمبەڵ دەبێت و خۆی بە تەلەڤزیۆن و مۆبایل خەریک دەکات.
کاتێک منداڵ برسی دەبێت و خەریکی مۆبایلەکەیەتی فەرمانی مێشک جێبەجێ ناکات و لەو کاتەدا لە رجێمی خۆراکیدا تووشی کێشە دەبێت.

پزیشکان داوا دەکەن بە هەموو شێوەیەک منداڵانی خوار تەمەن ١٨ مانگ لە دنیای دیجیتاڵ و مۆبایل دووربخەنەوە. منداڵانی تەمەن دووساڵ تا پێنج ساڵ بۆیان هەبێت رۆژانە یەک سەعات سودی لێوەربگرن بەو مەرجەی دایک و باوکیان هاوکارییان بکەن. 

سەرچاوە/دۆیچەوێلێ


وشە - سلێمان تاشان