بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد.. 29ی ئەم مانگە ناوی راهێنەرە نوێیەكە ئاشكرا دەكەن

:: PM:01:45:17/05/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە رۆژی 29ی ئەم مانگە بەفەرمی ناوی راهێنەرە نوێیەكەیان بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی لویس ئێنریكی دیاری دەكەن.

ئێستا ناوی چەندان راهێنەر لە لیستی یانەی بەرشەلۆنەدا هەیە بۆ وەرزی داهاتوو، راهێنەرەكانیش برێتین لە: خوان كارۆس ئینزۆی یاریدەری ئێنریكی، ئێرنستۆ ڤالڤێردی راهێنەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو، خۆرخێ سامپاولی راهێنەری سڤیلییە، رۆناڵد كۆمان راهێنەری ئێڤەرتۆن، ئۆزیبیۆ ساكریستان راهێنەری ریال سۆسیداد.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: رۆبەرتۆ فێرناندیزی بەڕێوەبەری یانەی بەرشەلۆنە رۆژی 29ی ئەم مانگە بەفەرمی ناوی راهێنەرە نوێیەكەیان ئاشكرا دەكەن.

یانەی بەرشەلۆنە رۆژی 27ی ئەم مانگە یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەلاڤێس ئەنجام دەدات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریانداوە ئەگەر ئەمساڵ هەردوو ناسناوی خولی ئیسپانیا و جامی شا ببەنەوە، ئەوا رۆژی 28ی مانگ ئاهەنگێكی گەورە ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەگەر تەنیا جامی شا ببەنەوە ئەوا هیچ ئاهەنگێك ئەنجام نادەن و راستەوخۆ پشووی هاوینە دەدەن بە یاریزانەكانیان.

بڵاویشی كردەوە دوای یاریی جامی شا، یانەی بەرشەلۆنە ئاهەنگێكی بچووك بۆ ماڵئاوایی ئێنریكی ئەنجام دەدەن لەبەرامبەر ئەو خزمەتە گەورەیەی لە ماوەی سێ وەرزی رابردوودا پێشكەش بە یانەكەی كردووە.

دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە ئێنریكی، هەروەها دوو رۆژ دوای بەڕێوەچوونی یاریی كۆتای جامی شای ئیسپانیا، بەڕێوەبەری یانەی بەرشەلۆنە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەفەرمی ناوی راهێنەرە نوێیەكەیان ئاشكرا دەكەن.

جێی باسە ئێنریكی لە ماوەی 3 وەرزی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنەدا 8 ناسناوی بۆ یانەكە بەدەستهێنابوو كە برێتین لە 2 خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا، جامێكی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، جامێكی سوپەری ئەوروپا، جامێكی سوپەری ئیسپانیا لەگەڵ جامێكی مۆندیالی یانەكان.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م