باندێكی دزیكردن لە گەرمیان گیران.. 50 حاڵەتی دزی تۆمار كراوە

:: PM:02:00:17/05/2017 ‌


ئەمڕۆ چوارشەم ئاسایشی گەرمیان گرتنی باندێكی دزی لە ناوچەكە ئاشكرا كرد كە پێشتر بە چەك و بە زەبری هێز، دزییان كردووە و كەسێكیشیان كوشتووە. بەگوێرەی ئامارێكیش تا مانگی پێنجی ئەمساڵ 50 حاڵەتی دزی لە سنووری گەرمیان تۆمار كراون.

نەقیب عوسمان عەبدولكەریم بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ گرتن و دانپێدانانی دوو دزمان ڕاگەیاند، كە هەفتەیەك پێش ئێستە لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆكەی كەلار، هەڵیانكوتایە سەر ماڵێك و دواتر تەقەیان لە خاوەن ماڵەكە كرد و گەنجێك بە تەقەی ئەو دزانە بە سەختی بریندار بوو و دواتر لە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لە دەست دا.

هەروەها گوتی، ئەو دوو دزە بە پێی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراق گیراون و ئەمڕۆ دانیان بە تاوانەكەیان نا. هەردوو دزەكەش خەڵكی شارەدێی ڕزگارین و كوردن، بۆ ئەوەی سەرەداوی زیاترمان لەبارەی ئەو باندە دەست بكەوێ، ناوەكانیان ئاشكرا ناكەین.

ئاماژەی دا، سكاڵای تر لە شارەدێی ڕزگاری تۆمار كراون و خەڵك ئاماژە بەوە دەكەن، بە چەك دز هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵەكانیان و دزییان لێ كردوون، بۆیە ئەمە نیشانەی ئەوەیە حاڵەتی تریش هەیە و دەبێ لێكۆڵینەوەی زیاتر بكەین، تا ڕوون ببێتەوە حاڵەتەكانی پێشووش هەر ئەم دزانە بوون یان باندی تریش لە شارەدێی ڕزگاری هەن.

بەگوێرەی ئامارێكی پۆلیسی گەرمیان كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە، 50 حاڵەتی دزیكردن لە سنووری گەرمیان تۆمار كراوە و 40 كەسیش بە تۆمەتی دزیكردن گیراون.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.
پێداچوون..باز



وشە - باز ئه‌حمه‌د