پاش ئەوەی بەهۆی زۆری ڕێژەی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە ماوەی ڕابردوو ڕێگەی نێوان هەولێر و دهۆكی داخست، ئەمڕۆ جارێكی تر دوای نۆژەنكردنەوە، ڕێگەكە بە ڕووی شوفێران كرایەوە.
ئازاد تەها بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێگەی سەرەكیی نێوان هەولێر – دهۆك لە گوندی چەمە كە بە ڕێگەی پردی چەمە ناسراوە، لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری زێی گەورە و دروستبوونی لافاو پەكی كەوت، بەڵام ئەمڕۆ دوای نۆژەنكردنەوە و ڕێكخستنەوەی، جارێكی تر بە ڕووی شوفێران كرایەوە و ئێستە هیچ كێشەیەكی هاتوچۆ لەو ڕێگەیەوە نییە و شوفێران دەتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی هاتوچۆی تێدا بكەن.
هەروەها گوتی، ڕێگەكە پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی دهۆك قیرتاو كراوە، بەهۆی ئەوەیش كە هاتوچۆی زۆری لەسەرە و بەردەوام قەرەباڵغە، بۆیە دوای ئەوەی باران و لافاو ڕێگەكەیان پەك خست، هەرزوو بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی دهۆك ڕێگەكەی دووبارە چاك كردەوە.
ڕێگەی پردی چەمە دەكەوێتە گوندی چەمەی سنووری شارەدێی ڕووڤیا، بە بەراورد لەگەڵ ڕێگەكانی تری نێوان هەولێر و دهۆك، ماوەی ڕێگەكە 45 خولەك كەمتر دەكاتەوە.
بەردەڕەش/نەوزاد هلۆری.