ئێران چۆن رێگری لە بەشداری توركیا لە جەنگی مووسڵ دەكات

:: PM:02:03:26/10/2016 ‌

لەگەڵ دەست پێ كردنی جەنگی مووسڵ پێوەندییەكانی توركیا و ئێران ئاڵۆزی تێكەوت تا ڕادەی ئەوەی ئێران باڵوێزی توركیا بانگ بكات و ناڕەزایی لە بەرامبەر لێدوانەكانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی پێ رابگەیەنێت كە بەناگونجاوی دەزانێت. 

پێنجشەمی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگی رەزا هاكانی باڵوێزی توركیای لە تاران كرد وەك ناڕەزاییەك لەبەرامبەر لێدوانی نوعمان كورتلمووش گوتەبێژی حكوومەتی توركیا لەبارەی ئێرانەوە كە گوتی، سیاسەتی مەزەوی ئێران هۆكاری پشێوییەكانی عێراقە.

كورتلمووش زیاتر گوتی، وڵاتەكەی رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگی مەزەوی لە ناوچەكە نادات و پێوەندییەكانمان لەگەڵ برایانی شیعە لە عێراق بەهیچ شێوەیەك زیانی پێ ناگات، چونكە ئەمڕۆ پێوەندی باشمان لەگەڵ هەموو گرووپە شیعەكانی لە عێراق هەیە.

پێ دەچێ كە ناكۆكی نێوان هەردوو وڵات لەبارەی مووسڵەوە یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی پێوەندییەكانی ئەنقەرە و تاران لە نێوان كۆكی و ناكۆكییەوە جیا دەكاتەوە، لێرەدا پرسیار دەكرێت كە ئاخۆ بەرژەوەندی ئابووری نێوان هەردوو وڵات توانای رێگریكردنی هەیە لە ئاڵۆزتربوونی پێوەندییەكانیان تا رادەی تەقینەوە بەرووی یەكتردا.

ماجید عەزام شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت كە پێشبینی دەكەین ئێران لەسایەی فەرمانڕەوایی حەسەن رووحانی هەوڵی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی سیاسی لەگەڵ توركیا بدات، سەرەڕای ئەگەری بەرزبوونەوەی دەنگی لایەنگرانی سوپای پاسداران بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی ئێرانی. 

ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت كە هەمیشە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی هەردوو وڵات پێوەندی ئەوانی باشتر كردووە و لە ناكۆكی و ململانێ دووری خستوونەتەوە، هەروەها توركیا پشكێكی گەورەی لە گاز لە ئێران دەست دەكەوێ تۆزێك كەمتر لەوەی لە رووسیای دەست دەكەوێ، هەروەها سەتان كۆمپانیای توركیا لە ئێران وەبەرهێنان لە كەرتەكانی گەشتیاری و ژێرخان و خزمەتگوزارییەكان دەكەن. 

عەزام روونی كردەوە كە ئێران هیچ هەڵمەتێكی توندی لەدژی توركیا بەهۆی جەنگی مووسڵەوە رانەگەیاندووە، بەڵكو ئەو هاوپەیمانەكانی خۆی جوڵاندووە بۆ ئەو مەبەستە لەوانەش حكوومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی تری سەربەو لە سووریا و لبنان و وڵاتانی تریش.

عەزام ئاماژە دەكات كە بەدرێژایی ماوەی رابردوو توركیا لە پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا پشتی بە پرەنسیپی پارێزگاریكردن لە پێوەندییەكانی هاوبەش و رێكخستنی ناكۆكییە سیاسییەكان بەستووە، كاتێك لە 2010 دەنگی بۆ بڕیارێكی نێودەوڵەتی بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر ئێران دا، رۆڵی رژدی لە وتوێژەكانی فایلی ئەتۆمی ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبوو.

زیاتر گوتی، توركیا هەمیشە رۆڵی سییەكانی بۆ ئێران بینیوە كە لە رێگەیەوە هەناسە دەدات، بەتایبەتی لە ماوەی كە سزای نێودەوڵەتی لەسەر بوو بەر لە سەركەوتنی وتوێژەكان لەبارەی فیلە ئەتۆمییەكەی، ئەوەش وای كرد كە ئەنكەرە هەوڵی زیادكردنی قەبارەی ئالوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تاران بۆ 30 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی بدات. 

ئۆكتای یەڵماز شرۆڤەكاری توركیایی لای خۆیەوە رای گەیاند كە ئەو هاودژییە جیۆپۆلیتیكییەی كە هەیە هۆكارێكە بۆ ئاڵۆزییەكی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، هەروەها ئێران دەسەڵاتێكی بەهێزی لەناو توركیا هەیە كە دەتوانێت لە رێگەیەوە كاریگەری بخاتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا. 

یەڵماز وای دەبینێت كە تاران خەریكی پڕۆژەیەكی فرەوانخوازی نەتەوەییە و بۆ ئەو مەبەستە تایفیەت وەك ئامرازێك بۆ كۆنترۆلكردنی وڵاتانی دراوسێ بەكار دێنێت لەوانەش ئەو وڵاتانەی كە راستەوخۆ پێوەندییان بە بەرژەوەندی نەتەوەیی توركیا هەیە وەك عێراق و سووریا، هەروەها زۆر جۆر ستراتیجیەت پێڕەو دەكات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لەوانەش هاریكاری لەگەڵ رۆژئاوا.

زیاتر گوتی، بەغدا كە بووەتە پایەتەختێكی كولتووری بۆ ئێران و سەنتەرێكی شیعە، پێشتر بەر لەوەی ئەمەریكا بیخاتە دەستی ئێران و دابەشكردنی عێراق بۆ دوو ناوچەی دەسەڵاتی شیعە و كورد، پایەتەختێكی سونە بوو.

ئاماژەی كرد كە ئێران دەیەوێ كۆنترۆلی مووسڵ بكات لە رێگەی میلیشیاكانەوە بۆئەوەی رێڕەوێك لە رێگەی خاكی عێراقەوە بەرەو سووریا بكاتەوە و لەوێشەوە بۆ لێوارەكانی دەریای ناوەڕاست، ئەو كارەی كە هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەكانی توركیا بەتایبەتی پڕۆژەكانی هەناردن و بەبازاڕگەیاندنی وزە دروست دەكات.

لە كۆتادا ئەو شرۆڤەكارە توركە دەڵێت كە سووربوونی ئێران لەسەر دوورخستنەوەی توركیا و شەڕوانانی هۆزەكانی سونەی مووسڵ كە لەلایەن توركیاوە بۆ جەنگی مووسڵ مەشقیان پێ كراوە، لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ، بۆ خواستی ئێران بۆ تاكدەسەڵاتی بەسەر رێڕەوێكی سەلامەت دەگەڕێتەوە كە خەریكی بنیاتنانیەتی، ئەوەش مانای گۆڕانكاری دیمۆگرافی و دانیشتووان و پرۆسەی راگواستنی بەزۆرە كە لێكەوتی مرۆیی و ئابوورییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی توركیا. 

17ی ئەم مانگە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا ئێستەش بەردەوامە، بەر لە دەست پێكردنی جەنگەكە و تا ئێستەش ئاڵۆزی پێوەندییەكان و شەڕەقسەی بەرپرسانی عێراق و توركیا بەردەوامە لە بەرامبەر بەشداریكردنی توركیا لەو جەنگە كە عێراق بەتوندی رەتی دەكاتەوە و بەپێی چاودێران ئێران رۆڵی لەو رەتكردنەوەدا هەیە.

سەرچاوە: ئەلجەزیرە


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل