بەهۆی لێدانی باوك و باوەژنەوە لە چوار ساڵی ماڵی جێ هێشت

:: PM:04:16:17/05/2017 ‌

منداڵێكی چوار ساڵانی بێ خوشك و برا، بەناوی "شەیدا" لە لایەن باوكی و زڕدایكیەوە رۆژانە ئازار دەدرێت، ئەو ئازاردانە‌ بەردەوام دەبێت تا لە لایەن دراوسێكانیەوە دەبرێت بۆ خانەی بێسەرپەرشتان.

شەیدا لەگەڵ لەدایكبوونی دایكی لە دەست دەدات، باوكیشی بۆ ئەوەی بێ دایك پەروەردەی نەكات، هاوسەرگیری دەكاتەوە، بەڵام ژنە تازەكە‌ لەبری دەرمانی برینی بێ دایكی بكات، هەر رۆژە و بەجۆرێك برینێكی نوێ بۆ شەیدا دروست دەكات.

شەیدا لە چوار ساڵییەوە لە خانەی بێسەرپەرشتانە، ئەو دەمەی هاوسێكانیان بەدزی باوك و زڕدایكەكەیەوە ئەویان بردووە بۆ ئەوێ، ئەو بیری نایەت، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونیدا ئازارەكانی منداڵیشی بۆ بوون بە سێبەر، سێبەرێك وەك خۆی دەڵێت، تا گەورە دەبێت ئەویش لەگەڵیدا زیاتر باڵا دەگرێت.

سندوس یەكێكە لە فەرمانبەرە كۆنەكانی ئەو خانەیەی شەیدای تێدا بەخێو كراوە، ئەو خانمە كە لە سەرەتاوە ئاگاداری چیرۆكە تاڵەكەی شەیدایە، بۆ "وشە" گوتی، بەیانییەكی زۆر زوو كە هێشتا بەشێك لە كارمەندان نەهاتبوون بۆ خانە، دوو ژن و سێ پیاو خۆیان كرد بە ژووردا، كچێكی دەموچاو شێواو كە رووخسار و دەستەكانی شوێنی چەند سووتاوییەك كە لە شوێنی داغكردن دەچوو، قاچیشی شكابوو، هێنایان بۆ لامان.

زیاتر گوتی، دوو ژنەكە لەبەر گریان قسەیان بۆ نەدەكرا، یەكێك لە پیاوەكان گوتی ئێمە توانامان نەما چیتر بە دەنگی گریانی ئەو كچە بەستەزمانە بخەوین و بەهاواری لێدانی خەبەرمان بێتەوە، هەر ئەوكات باسیان كرد كە بە زڕدایك و باوكیشی زۆر بە دڕندەیی ئازاری ئەو كچە دەدەن، تەنانەت چەند جار دەست و قاچ و سەریان شكاندووە و نەیشیان بردووە بۆ لای پزیشك، ئەوكاتەش قاچی شكابوو كە هێنایان بۆ خانە، بۆیە بە دزی باوكی و زڕدایكەكەی بۆ ئەو خانەیان هێنا تا پارێزراو بێت و جارێكی تر ئازاری نەدەن.

دواتر ناونیشانی ماڵی باوكی شەیدا و كەسوكاری وەردەگیرێت و بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكرێت، لەوێوە دەردەكەوێ قسەی دراوسێكانی راست بوون. بانگی باوكی شەیدا دەكرێت بۆ خانە و پرسیاری لێ دەكرێت بۆچی وای لە كچەكەی كردووە؟ سندوس وەڵامەكەی باوكی دەگوازێتەوە "زۆر بە نێرانە و سەربەرزییەوە چەند جار لەدوای یەك گوتی كچ كچی خۆمە دەیكوژم و فڕێی دەدەم و دەیفرۆشم، بە ئێوە چی؟. 

لەدوای بینین و هەڵوێستی باوكی شەیدا، ئیتر بڕیار دەدرێت شەیدای چوار ساڵ لەو ماڵە پڕ ئازارە دوور بخرێتەوە و بە یەكجاری لە خانەی بێسەرپەرشتاندا بیهێڵنەوە، خانەیەك هەموو پێداویستییەكی تێدایە، بەڵام نازی دایك و سۆزی باوك تەنیا لە كارمەندەكانەوە وەردەگیرێت.

سندوس لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا ئاماژەی دا، تا چەند مانگێك بە بەردەوام هاتوچۆی نەخۆشخانەمان پێ دەكرد، بەهۆی ئەو ئەشكەنجە زۆرەی پێشتر درابوو، چاوەكانی زۆر بەخراپی تووشی زیان بووبوون و پزیشك پێی گوتین بەهۆی بەركەوتنی زەبر بە چاوەكانی و هەروەها گریانی زۆرەوە، چاوی شەیدا دووچاری كێشە بوونەتەوە و ئەگەر بەزووترین كات نەشتەرگەری بۆ ئەنجام نەدرێت، ئەگەری كوێربوونی هەیە، كاتێك بە باوكی شەیدامان گوت كچەكەی پێویستی بە دوو نەشتەرگەری گەورەی چاو هەیە، ئامادە نەبوو پارە بدات و گوتی، لێی گەڕێن كوێر بێ چاوی بۆ چییە خۆ ئەوانەی چاویان نییە هەر دەژین، بەڵكو مووچەیەكیشی بۆ دەبڕنەوە بەهۆی كوێرییەكەی".

خانەی بێسەرپەرشتان، دوای ئەوەی لە باوكی بێهیوا بوون، ناچار بەدوای رێگەچارەدا دەگەڕێن، تێچووی نەشتەرگەرییەكەی شەیدا زۆر بووە، بۆیە خانە نەیتوانیوە دابینی بكات، دواجار لەلایەن دەزگەی خێرخوازیی بارزانییەوە تێچووی هەردوو نەشتەرگەرییەكەی چاوەكانی شەیدای چوار ساڵ لە ئەستۆ دەگیرێ و لەو مەترسییە رزگار دەكرێ. 

شەیدا گەورە دەبێت، قۆناغەكانی خوێندن دەست پێ دەكات، بەڵام وەك هەموو منداڵێكی دوور لە دایك و باوك لە قسەی هاورێ و هاوپۆلەكانی دەربازی نابێ. بەتایبەت كە ئەو بەهۆی دووجار شكاندنی دەستێكیەوە لەلایەن باوكی و نەبردنی بۆ لای پزیشك، شانێكی خوار بووە و دەستێكی  بەتەواوی كار ناكات، ئەوەش وای كردووە شەیدا زیاتر ئازارەكانی ببینێ و رۆژانە تەماشایان بكاتەوە ئاهـ بۆ گەنجێتی خۆی هەڵكێشێ.

شەیدا كە نازانێ لە كام ئازارەیەوە دەست بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی بكات، ئاوا بۆ "وشە" دوا، بێ دایك و باوك لەم خانەیە گەورە بووم، دایە سندوس و هەموو دادەكانی تر بۆ من دایكن، مامۆستاكانی تریش كە پیاون باوكی منن، باوكی خۆم بەتەواوی ناناسم، تەنیا دەزانم پیاوێكی دڕندەیە و قەت باوكایەتی بۆ من نەكردووە، بەڵام من رێزی دەگرم، چونكە خانە فێری كردم رێزی هەموو كەس بگرم، بەڵام سەیرە باوكم هێشتا ناتوانێت هەڵەكانی راست بكاتەوە.

شەیدا مەبەستی لە راستكردنەوەی هەڵەی باوكی ئەوەیە، ئێستە لە ڕێی نەشتەرگەرییەوە دەتوانرێ خواربوونی شانی و لەكار كەوتی دەستەكانی بەهۆی ئەو هێزە كەمەی تێیدا ماوە چاك بكرێتەوە. بەڵام باوكی رازی نییە، هەرچەندە تێچووی نەشتەرگەرییەكە لە لایەن خێرخوازانەوە دابین دەكرێت، بەهۆی ئەوەی تەنگژەی دارایی لە 2014ـەوە كوردستانی گرتووەتەوە و حكوومەت خەرجی خانەكانی بێسەرپەرشتانی نەهێشتووە، بەڵكو ژمارەیەك خێرخواز هاوكاری دارایی ئەو خانانە دەكەن.

"باوكم لەبەر ئەوەی ژنەكەی دووگیانە و كە منداڵی بوو دەبێت من بچم خزمەتیان بكەم، وەك هەموو ئەو جارانەی كە دەمبەن بۆ خزمەتكردنی خۆیان، بۆیە رازی نابێت، هەروەها پزیشكەكانیش پێیان گوتووە دەبێت من بۆ ماوەی مانگێك لەسەر جێ بم و چاودێری بكرێم، لە خانەیش شوێن و توانای ئەو چاودێرییە نییە، بۆیە باوكم رێگە نادات ئەو نەشتەرگەرییەم بۆ بكرێت". شەیدا وای گوت.

ئەو كچە كە ئێستە تەمەنی 18 ساڵە و بەپێی یاسای خانەی بێسەرپەرشتان دەبێت ئیتر وەك زۆربەی هاوڕێكانی لە خانەكە دەربچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كەس نییە بیگرێتە خۆی و باوكیشی نایەوێ لەبەر ژنەكەی بیباتەوە، ئێستە شەیدا هەر لە خانە ماوەتەوە و وەك كارمەندی چاودێری ئەو منداڵانە دەكات كە چیرۆكی هاوشێوەی خۆی گەیاندوونی بە خانەكە.

هەولێر/ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - هیدایه‌ت جان