هەریەك لە پۆلیسی هەولێر و هاتوچۆ و ئاسایش و پارێزگاری هەولێر، بەرنامەیەكی هاوبەش دادەنێن بۆ مانگی ڕەمەزان و چەند رێوشوێنێكی تایبەت بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی ئایار/ مایۆ، ڕائید فازڵ حاجی حوسێن گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەریەك لە پۆلیس و هاتوچۆ و ئاسایش و پارێزگاری هەولێر، كۆ دەبینەوە بەرنامەیەكی تایبەت دادەنێین.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر گوتی، بێگومان ئەم بەرنامەیەش تایبەت دەبێت بۆ مانگی ڕەمەزان بەمەبەستی چەند ڕێكارێكی تایبەت بە ڕێكخستنی كاروباری هاووڵاتییان و شەقامەكان.
زیاتر گوتی، پلانەكە هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵكو بەهاوبەشی سەرجەم لایەنەكانی شار دایدەڕێژین و هەوڵ دەدەین پێڕەوی بكەین بۆ كارئاسانیی كاروباری هاووڵاتییان.
ساڵانە بەمەبەستی ڕێكخستنی كاروباری ناوشاری هەولێر، هەریەك لە پارێزگای هەولێر و هاتوچۆی هەولێر و پۆلیس و ئاسایش، بەرنامەیەك دادەنێن، چەند جارێك لە بەرنامەی كاریان چەند شەقامێكی سەرەكییان داخستووە بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵی ناو شار و ڕێكخستنی كاروباری هاووڵاتییان.