وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، تا ئێستە هیچ ڕۆژێكیان دیاری نەكردووە وەك یەكەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و ئەوەشی باس دەكرێت هیچ بایەخێكی نییە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی ئایار/ مایۆ، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، خەڵكی كوردستان ئاگەدار دەكەینەوە كە وەزارەتی ئەوقاف هیچ لێدوانێكی بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز نەداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەوەی لێدوان دەدات قسەكەی لە باخەڵێ خۆی دەرهێناوە و هیچ بایەخ و گرنگیشی نییە، چونكە لێژنەی تایبەتمەند لە ڕێگەی گوتەبێژی فەرمییەوە ئەمە ڕادەگەێنێ.
ساڵانە لیژنەی بینینی مانگ لەكۆتا ڕۆژی مانگی شەعبان سەر لە ئێوارە چاودێری بینینی مانگ دەكەن بە دەركەوتنی بۆ بەیانییەكەی وەك یەكەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاری دەكەن كە بەگوێرەی پێشبینیەكان ئەگەری زۆرە یەكەم رۆژی مانگەكە بكەوێتە 26 یان 27ی ئەم مانگە.