فیلمی دەرهێنەرێكی كورد لە سویسڕا پێشان دەدرێت

:: PM:08:24:17/05/2017 ‌

پێشڕەو نە‌بە‌رد دەرهێنەری كورد كاری نووسین و دەرهێنان بۆ فیلمێكی نوێ لە سویسڕا كردووە و تێیدا چەندین ئەكتەری وڵاتانی جیاوازی كۆ كردووەتەوە و ئەمڕۆ تێستی بۆ كرا و بڕیاریشە لە مانگی شەش لە سینەماكانی ئەو وڵاتە پێشان بدرێت.

پێشڕەو نە‌بە‌رد دەرهێنەر و نووسەر و سینارێست بە"وشە"ی راگەیاند، "ڕۆژێكی خۆش" ناوی نوێترین كاری هونەریمانە لە بواری بەرهەمهێنانی فیلم كە ماوەی 52 خوولەكە و زمانی سەرەكی سویسڕییە و لەو وڵاتە كاری وێنەگرتن و كارە هونەرییەكانی تری بۆ كراوە.

زیاتر گوتی، هەروەها فیلمەكە لەلایەن دڵشاد تۆفیقەوە وەرگێڕدراوەتە زمانی ئەڵمانی، ئەو فیلمە لە كاری پرۆدیووسەری رێناتێ باشیك و لە كاری وێنەگرتنی كینگلسلی گانا و ئەندازیاری دەنگ ئەندریاس هاگن كاریان تێیدا كردووە و كاری میوزیكیش كریستیان فۆتش و كاری رووناكی موشەتەبا نووری ئەنجامیان داوە.

نەبەرد روونی كردەوە، چیڕۆك و پەیامی ئەو فیلمە بۆ نەهێشتی ئەو توندوتیژییانەیە كە زیاتر لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتی و سایتە ئەلیكترۆنییەكانەوە ڕووبەڕووی گەنجان دەبێتەوە، لەو فیلمەدا نیناو میناو لارس و فرێنتزیی كە چوار قوتابین رۆڵی سەرەكیان تێدا بینووە.

ئەو دەرهێنەرە روونی دەكاتەوە كە چیڕۆكەكەی باس لە خراپ بەكارهێنانی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەكات كە لەلایەن یەكێك لە هاوڕێ كچەكانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبوك و هتد بڵاو دەكرێتەوە، هاوكات گرتە ڤیدیۆییەكە لەگەڵ لارسی هاوڕێی كوڕەكە گیراوە.

46 بەشداربوو وەك كۆمبارس و 14 ئەكتەر لە چەندین نەتەوەی  جیهان تێیدا بەشدارن وەك سویسڕی و ئەڵمانی و سڕبی و ئیتاڵی و ئەلبانی و هیندی و عەرەب و تورك و فیلمەكە 100% سویسڕییە و بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ كارە تەكنیكییەكانی بۆ كراوە و ئەندازیاری دەنگی بەڕەگەز سویسرییە و ئەزموونێكی زۆری هەیە لەگەڵ فیلمە سینەماییەكانی سویسڕادا، هاوكات وێنەگرەكەی بەڕەگەز سریلانكییە و ئەزموونێكی زۆری هەیە لەگەڵ فیلمەكانی بۆلیۆد، نەبەرد وای گوت.

بەپێی ئەو دەرهێنەرە كوردە بۆ دەسپێكردنی فیلمەكە بودجەكەی نزیكەی 30 هەزار فرانكی سویسڕی بوو، وێرای ئەوەی بەگشتی بەشداربووان تاڕادەیەكی زۆرباش خۆبەخشانە بۆ خزمەتكردنی بابەتەكە كاریان تێدا كردووە و ئامانجیش خزمەتكردنی مڕۆڤایەتییە، منیش وەك دەرهێنەرێكی كورد ئەو پڕۆژەیە وەك دیارییەك پێشكەش بەكۆمەڵگەی سویسڕا دەكەم. 

نەبەرد ئاماژەی كرد كە لە ماوەی 10بۆ11 مانگ كاركردن ئیستە ئەو فیلمە سەرجەم كارەكانی سەركەوتووانە تەواوبووە و ماوەی 10 رۆژە سەرقالی كاركردنین بۆ گۆڕینی سیستەمەكەی بۆ سیستەمی سینەما و ئەمرۆ چەند سەعاتێك لەمەوبەر لە سینەما لە سویسڕا لە سینەما ترافۆ تێستی فیلمەكەمان كردووە كە لە رووی تەكنیكییەوە بێ كێشە بوو و بەو كوالیتەی ئەوان مەبەستیانە دەرچوو لەتیستەكە.

بەپێی قسەكانی ئەو دەرهێنەرە فیلمەكە لە ناوەڕاستی مانگی شەشدا نمایش دەكرێت و 400 كەس ئامادەی دەبن لەوانە 200 پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار و بەرپرس، شان بەشانی هونەرمەند، بێجگە لەوەش فیلمەكە نێردراوە بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەكان و لە فێستیڤاڵی لۆكارنۆی نیودەوڵەتی وەرگیراوە بۆ نمایشكردن. 

هەولێر/ شاخەوان شیخانی












وشە - مه‌حموود ئیسماعیل