چێڕۆكی ئەو كچەی ئامێدی كە وێنەی نەشتەرگەرییەكەی لە دیالە بڵاو كرایەوە

:: PM:11:56:17/05/2017 ‌

چەند رۆژێك پێش ئێستە كچێك لەكاتی گەشتوگوزاردا لە ناكاو دەكەوێت و لەلایەن خانەوادەكەیەوە بەپەلە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك و لەوێ‌ بەپەلە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت و گیانی رزگار دەكرێت، بەلام دواتر وێنەی نەشتەرگەرییەكەی لە پارێزگای دیالە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە هی گەنجێكی دیالەیە و بەهۆی كێشانی نارگیلە وای لێ هاتووە.

سەرچاوەیەك لە شارەدیێ‌ شێلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدی نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە "وشە"ی گوت، چەند رۆژێك پێش ئێستە لەكاتی گەشتوگوزار و سەیران كچێكی شارەدیێ‌ شێلادزێ‌ لەناكاو دەكەوێتە سەر زەوی و دواتر بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانەكانی دهۆك و لەوێ‌ نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا و ئێستە باری تەندروستی جێگیرە، دواتر وێنەی نەشتەرگەرییەكەی لە پارێزگای دیالە بڵاو كراونەتەوە كە گوایە هی گەنجێكی دیالەیە و بەهۆی كێشانی نارگیلە وای لێ هاتووە.

غەریب عەبدولكەریم بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی "ئەڤریك" لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، هەواڵی ئەو كچە و نەخۆشییەكەی دكتورەكانی پارێزگای دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی فریاكەوتنی دهۆكی سەرسام كردووە كە نەخۆشییەكی زۆر گران و مەترسیداری هەیە و تا ئێستە چارەسەر نەكراوە.

زیاتر گوتی، كاتێك ئەو كچە گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك هەر زوو تیمێكی پزیشكی پێك هێنراو و بە سەرۆكایەتی دكتور سەردار كەریم و دوو دكتۆری تر بەپەلە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا و نەشتەرگەریەكە سەركەوتوو بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە و نەزانراوە ئەوەیە كە ئەو هەواڵە چۆن لە پارێزگای دیالە بە شێوازێكی تر بڵاو كراوەتەوە.

زیاتر گوتی، نەخۆشی ئەو كچە ئەوە بوو كە خوێن نەدەگەیشتە گەدەی و ژەهراویبوونی بۆ دروست بووە، هەروەها دەركەوت كە ماوەی چەند ساڵێكە بەو شێوەیە ژیاوە و پێ دەچێت لە زگماكدا وای لێهاتبێت، بەڵام بەهۆی تێپەڕبوونی كاتێكی زۆر وردەوردە كاریگەری لەسەر گەدەی ئەو دروست كردووە و ئەو رۆژە لە سەیران كەوت و لەهۆش خۆی چوو.

دووپاتی كردەوە كە ئەگەر بۆ ماوەی 48 سەعات نەشتەرگەری بو نەكرابووایە، ئەوا گیانی لەدەست دەدا، بەڵام دوای مانەوە بۆ ماوەی حەوت سەعات پزیشكانی بەڕێوەبەرایەتی فریاكەوتنی دهۆك توانیان ئەو كچە لە مردن رزگار بكەن كە ئەمەش جێگەی دەستخوشی و شانازییە بۆ پارێزگای دهۆك.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەو كچە لە مالپەڕ و راگەیاندن و پێگە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پارێزگای دیالە كە گوایە بەهۆی كێشانی نارگیلە گەنجێك لە دیالە تووشی تێچكوونی گەدە بووە و رەنگەكەی رەش هەڵگەڕاوە، بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی "ئەڤریك" گوتی، وێنەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی فریاكەوتنی دهۆك بلاو نەكراونەتەوە و بەهیچ دەزگایەكی راگەیاندنیش نەدراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە چۆن ئەو هەواڵە گەیشتووەتە دیالە، دووپاتی دەكاتەوە كە پێم وایە بەهۆی نەبوونی راگەیاندنێكی كارا لە پارێزگای دهۆك بە گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی فریاكەوتنی دهۆك بە تایبەتی، ئەو هەواڵە بەو شێوەیە بڵاو بووەتەوە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل