شارەزایەكی ناوبژیوانی: سێلتا فیگۆ ناحەقییەكی زۆری بەرامبەر ریال مەدرید لێ كرا

:: AM:09:41:18/05/2017 ‌

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یارییە دواخراوەكەیدا بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ سەركەوتنێكی گەورەی بە ئەنجامی 1-4 گۆڵ بەدەستهێنا و بەمەش تەنیا یەك یاریی ماوە ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا مسۆگەر بكات.

لەو یارییەدا ناوبژیوان چەندان هەڵەی كوشندەی ئەنجامدا كە بووە هۆی ئەوەی یانەی ریال مەدرید سەركەوتن بەدەست بێنێ، بەتایبەتیش لە بڕیاری پێدانی كارتی سوور بە ئەستێرەی یانەی سێلتا فیگۆ یاگۆ ئەسپاس لە خولەكی 62ی گێمی دووەمدا.

لای خۆیەوە ئەندۆخار ئۆلیڤەر پڕۆفیسۆری ناوبژیوانی ئیسپانی ئاماژەی بەوەدا كە ناوبژیوان لە بڕیاری دەكردنی ئەسپاس هەڵەی گەورەی كرد و پێی وابوو سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكاری یانەكە لەنێو هێڵی سزا بە ئەنقەست ئەو ئەستێرەیەی یانەی سێلتای بەردایەوە.

ئۆلیڤەر گوتی: دەبوو خوان ماتینێز مۆنوێرای ناوبژیون لێدانی سزا بۆ یانەی سێلتا هەژمار بكات نەك كارتی زەردی دووەم بەڕووی ئەسپاس بەرز كاتەوە. جەختیشی كردەوە كە یانەی سێلتا لەم رووداوەدا شایستەی لێدانی سزا بوو.

یانەی ریال مەدرید بەم سەركەوتنە كۆی خاڵەكانی لە خولی ئیسپانیا كردە 90 خاڵ و هاتە ریزی یەكەمی یانەكان و پێش یانەی بەرشەلۆنە كەوتەوە كە 87 خاڵی هەیە، بەمەش یانەكە لە یاریی یەكەشەمی داهاتوودا بەرامبەر یانەی مەلەگە بەیەكسانبوونیش بەفەرمی دەبێتە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م