یۆڤانتۆس خەونێكی كردە راستی.. هێشتا دوو خەونی تری ماوە
شەوی رابردوو یانەی یۆڤانتۆس بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی لازیۆی بردەوە و جامی ئیتاڵیای بەرز كردەوە، بەمەش هەنگاوێك لە خەونی بەدەستهێنانی هەرسێ ناسناوە گەورەكە نزیك بووە.
شەوی رابردوو هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و لازیۆ لە یاریی كۆتای جامی ئیتاڵیا لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپیاكۆ لە شاری رۆمای پایەتەختی ئیتاڵیا رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، یارییەكەش بەسەركەوتنی یۆڤانتۆس بە 2 گۆڵی خاوێن بەكۆتا هات.
هەردوو گۆڵەكەی یانەی یۆڤانتۆس لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا تۆمار كران، سەرەتا دانی ئەلڤێسی بەرگریكاری بەڕازیلی لە خولەكی 12 گۆڵێكی تۆمار كرد، دواتریش لیۆناردۆ بونوچی بەرگریكار لە خولەكی 24 گۆڵێكی تریشی تۆمار كرد.
لە گێمی دووەمدا هەردوو یانەكە چەندان هەلی تۆماركردنی گۆڵیان لەدەستدا، بەمەش تا كۆتایی یارییەكە بەم ئەنجامە مایەوە و یۆڤانتۆس بە 2 گۆڵی بێ وەڵام براوە بوو.
یانەی یۆڤانتۆس ئەمە سێیەم ساڵە لەسەریەك ناسناوی جامی ئیتاڵیا بەدەست دێنێ، دوو ناسناوەكەی تریشی لەسەر دەستی هەردوو یانەی لازیۆ و ئەی سی میلان بەدەستهێنابوو.
یانەی یۆڤانتۆس خەونی ئەوەی هەیە ئەمساڵ هەرسێ ناسناوی خولی ئیسپانیا و جامی ئیتاڵیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەدەست بێنێ، یانەكە شەوی رابردوو خەونێكی كردە راستی، یەكشەمی داهاتووش بە بردنەوەی لە یانەی كرۆتنی خەونی دووەمی دەهێنێتە دی كە بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیتاڵیایە.
خەونی سێیەم و گەورەی یانەی یۆڤانتۆس بەدەستهێنانی ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپایە، یانەكە لەم پاڵەوانیەتییەدا گەیشتووەتە یاریی كۆتایی و رۆژی 3ی مانگی داهاتوو لە یاریگەی كاردیف رووبەڕووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێتەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم