رۆناڵدۆ: ئێستا تەنیا بیر لە یاریی مەلەگە دەكەینەوە

:: AM:10:51:18/05/2017 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید خۆشحاڵی خۆی بە سەركەوتنە گەورەكەی لە یارییەكەی شەوی رابردوودا بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ لە خولی ئیسپانیا دەربڕی.

یانەی ریال مەدرید شەوی رابردوو یارییە دواخراوەكەی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ لە گەڕی 21ی خولی ئیسپانیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكۆتا هێنا بە ئەنجامی 1-4 گۆڵ.

لەو یارییەدا رۆناڵدۆ دوو گۆڵی یەكەمی بۆ یانەی ریال مەدرید لە خولەكانی 10 و 48 تۆمار كرد، گۆڵەكانی تریش لەلایەن كەریم بەنزیما و تۆنی كڕووس لە خولەكانی 70 و 88 هاتنە تۆماركردن، تاكە گۆڵەكەی یانەی سێتلتاش لە خولەكی 69 لەلایەن هێرشبەری سوێدی جۆن گیدیتی تۆمار كرا.

یانەی ریال مەدرید یەكشەمی داهاتوو لە دوا یاریی خولی ئیسپانیادا دەبێتە میوانی یانەی مەلەگە، لەو یارییەش پێویستی بە تەنیا خاڵێكە بۆ ئەوەی بەفەرمی ببێتە پاڵەوانی خولەكە.

رۆناڵدۆ لەبارەی یارییەكەی شەوی رابردوو بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: یارییەكە زەحمەت بوو و ئێمەش بە باشی یاریمان كرد و لە كۆتایشدا توانیمان سەركەوتن بەدەست بێنین.

لەبارەی یاریی داهاتووشیان بەرامبەر یانەی مەلەگە گوتی: ئامانجمان تەنیا سەركەوتنە و هەر بۆ سەركەوتنیش دەچینە یاریگەی مەلەگە، لەگەڵ ئەوەشدا باش دەزانین یانەی مەلەگە لەنێو یاریگەی خۆیان بەهێزن، بەڵام یانەی ریال مەدرید بەهێزترە و بڕوای تەواومان بەخۆمان هەیە دەتوانین سەركەوتن بەدەست بێنین.

زیاتر گوتی: وەك یانەی ریال مەدرید ئێستا تەنیا بیر لە یارییەكەی مەلەگە دەكەینەوە بۆ ئەوەی ناسناوی خولی ئیسپانیا ببەینەوە، بۆ یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆس دواتر بیری لێ دەكەینەوە و بۆ ئەو یارییەش كاتێكی زۆرمان لەبەردەستە تا بەتەواوی خۆمان ئامادە بكەین.

یانەی ریال مەدرید لە دوا گەڕی خولی ئیسپانیا یەكشەمی داهاتوو دەبێتە میوانی یانەی مەلەگە، لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاش رۆژی 3ی مانگی داهاتوو لە شاری كاردیف رووبەڕووی یانەی یۆڤانتۆس دەبێتەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م