رۆژنامەیەكی ئیسپانی ناوی راهێنەری وەرزی داهاتووی بەرشەلۆنە ئاشكرا دەكات

:: AM:11:05:18/05/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ناوی ئەو راهێنەرەی ئاشكرا كرد كە بۆ وەرزی داهاتوو لە شوێنی لویس ئێنریكی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە دەكات.

یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا بەفەرمی ناوی ئەو راهێنەرەی ئاشكرا نەكردووە كە بۆ وەرزی داهاتوو شوێنی ئێنریكی دەگرێتەوە، دوێنێ چوارشەمیش یانەكە لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە كە رۆژی 29ی ئەم مانگە دوای تەواوبوونی سەرجەم یارییەكانی ئەم وەرزە ناوی راهێنەرە نوێیەكەیان ئاشكرا دەكەن.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (ماركا)ی مەدریدی بڵاوی كردەوە: ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی ئەتلەتیك بیلباو نزیكترین كەسە بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی بەرشەلۆنە لە وەرزی داهاتوودا.

رۆژنامەكە بڵاویشی كردەوە كە ئەو راهێنەرەی یانەی ئەتلەتیك بیلباو جێگەی رەزامەندی سەرجەم یاریزانان و ئەندامانی یانەی بەرشەلۆنەیە، تەنانەت ئەو راهێنەرە خۆشی ئارەزووی گواستنەوەی بۆ یاریگەی كامپ نوو هەیە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە رازی بوونە بۆ وەرزی داهاتوو ڤالڤێردی ببێتە راهێنەری یانەكەیان.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو راهێنەرە لەگەڵ تەواوی پلان و سیاسەتەكانی یانەكە گونجاوە و پێشتریش بۆ ماوەی دوو وەرز لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە وەك یاریزان یاریی كردووە.

یۆهان كڕۆیفی ئەفسانەی كۆچكردووی یانەی بەرشەلۆنە پێشتر لەبارەی ڤالڤێردییەوە گوتبووی كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبێتە یەكێك لە باشترین راهێنەرانی ئیسپانیا، هەروەها داواشی لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كردبوو لە داهاتوودا وەك راهێنەر پشت بە ڤالڤێردی ببەستن.

رۆژنامەكە لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا كە یانەی بەرشەلۆنە خۆی لەبارەی ڤالڤێردییەوە یەكلایی كردووەتەوە، بەڵام وەك رێزێك بۆ ئێنریكی راگەیاندنی هەواڵەكە بۆ رۆژی 29ی ئەم مانگە دوا خستووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م