رانێری لە خولی ئینگلیزی داوا دەكرێتەوە

:: AM:11:34:18/05/2017 ‌

كلاودیۆ رانێری راهێنەری پێشووی یانەی لیستەر سیتی، نزیكە جارێكی تر بگەڕێتەوە خولی نایابی ئینگلیزی و ئەركی راهێنەرایەتی یانەیەكی خولەكە وەربگرێتەوە.

رانیێری دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بۆ یەكەمجار ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بۆ یانەی لیستەر سیتی بەدەستهێنا، چەند مانگێك پێش ئێستا بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی لە وەرزی ئەمساڵدا لە كارەكەی دوور خرایەوە.

رانێری ئێستا بێ كارە و یانەی واتفۆردی ئینگلیزیش دوای دەركردنی راهێنەرە ئیتاڵییەكەی واڵتەر متزاری، بەدوای راهێنەرێكی نوێ دەگەڕێ بۆ وەرزی داهاتوو.

لەمبارەیەوە وارگەی (سكای سپۆڕت) لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەدا كە بەرپرسانی یانەی واتفۆرد پێیانوایە باشترین كەس كە بۆ وەرزی داهاتوو ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەیانی پێ بدەن رانێرییە.

یانەكە پێیوایە كە رانیێری زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانێ و شارەزاییەكی باشیشی لە یارییەكانی خولی نایابی ئینگلیزیدا هەیە.

یانەی واتفۆرد لە ئێستادا بەدوای ئەوەیە رانێری رازی بكات بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری تیپەكەیان، ئەگەریش لەمەدا سەركەوتوو نەبوو بەدوای بژاردەی تردا دەگەڕێ و یەكێك لەو بژاردانەش ماركۆ سیلڤای راهێنەری یانەی هال سیتییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م