وێنه‌.. ئافره‌تانی پێشمه‌رگه‌ له‌ نزیك مووسڵ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ قایم ده‌كه‌ن

:: PM:03:10:26/10/2016 ‌

هێزی ئافرەتانی پێشمەرگەی كوردستان شان بەشانی هێزەكانی تری پێشمەرگە لە میحوەرەكانی مووسڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونیان هەیە و ئەوەی لە وێنەكانیش دەردەكەوێت، ئەوان خەریكی توندوتۆڵ كردنی ساترەكان لە دوا هێڵی پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش.

بەگوێرەی ئەو وێنانەی دەست "وشە" كەوتوون، ئەمڕۆ چوارشەم بۆ توندوتۆڵ كردنی ساترەكانی هێڵی پێشەوەی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری باشیك هێزی ئافرەتانی پێشمەرگە دەستیان بە هەڵمەتێك كردووە بۆ دانانی گونیەی پڕ خۆڵ و دورست كردنی ساترەكان.

لە رۆژی دووشەم هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری باشیك و ناوەران دەستیان بە هەڵمەتێكی تر كرد بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و گەمارۆدانی دەوروبەری شارەدێی باشیك لە هەموو لاكانەوە.

ئافرەتانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان رۆڵی بەرچاویان بینیووە و شەهید و برینداریان داوە و لەماوەی رابردووش ئەكادیمیای زاخۆ خولێكی تایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگەی تەواو كرد و پلەی پێشمەرگایەتیان پێ درا.


رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.










وشە - باز ئه‌حمه‌د